٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

ئەکبەر حەیدەر خان: داعش جارێکی دیکە بۆتەوە مەترسی و ھەڕەشە دەکات

سەرچاوە: KDP.info

خانەقین _KDP.info_  بەرپرسی لقی ١٥ی پارتی دیموکراتی کوردستان لە خانەقین گوتی: داعش دەستی بە جموجۆڵ کردووە و بڵاوکراوەشیان بەسەر خەڵکدا بڵاوکردۆتەوە کە دەگەڕێنەوە و دەست بە چالاکییەکانیان دەکەنەوە، بۆیە بوونەتە مەترسی و پێویستە لایەنی پەیوەندیدار بەهەندی وەربگرێت.

ئەکبەر حەیدەر خان، بەرپرسی لقی ١٥ی پارتی دیموکراتی کوردستان لە خانەقین، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی: داعش لە سنووری ئێمەش بە فەرمیی بڵاوکراوەیان بڵاوکردۆتەوە کە دەست بە چالاکی و کردەوەی خۆیان دەکەنەوە و لە مانگی ڕەمەزان و جەژن تۆڵەی خۆیان دەکەنەوە، لە سنووری کەرکووک دەستیان بە کردەوەش کردووە، لە سنووری ئێمەش بڵاوکراوەیان بڵاوکردۆتەوە و نوسخە بەدەست ئێمە گەیشتووە، گوایە جارێکی دیکە دەست بە چالاکی و کردەوەکانیان دژی خەڵک دەکەنەوە.

ئەکبەر حەیدەر خان گوتیشی: لە  سنووری دیالە و خانەقین لەدوای ١٦ی ئۆکتۆبەر بۆشایی زۆری دروست بووە، بۆیە داعش لە ھەموو ناوچەکان دەستی بە جموجۆڵ کردۆتەوە و پێویستە سوپا و ھێزەکانی پێشمەرگە ئەو مەترسییە بەھەند وەربگرن، چونکە داعش تا ئێستاش ماوە و لەناو نەچووە.

دەشڵێت: پێویستە ئەو لیوا ھاوبەشانەی تەواوبوونە بەزووترین کات ئامادەبکرێن و بەسەر ئەو ناوچانەی بۆشایی ھەیە لە ناوچە کوردستانیەکان بڵاوەیان پێ بکرێت.

بڵند ئیبراھیم

هەواڵی پەیوەندیدار