لە قەزای بەردەڕەش زیاتر لە ٨٠ قوتابخانە دروستکراون و نوژەنکراونەتەوە

بەردەڕەش _KDP.info_ بەڕێوەبەری پەروەردەی بەردەڕەش گوتی: لە کابینەی نۆیەمی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان ٨٣ قوتابخانە لەسنووری قەزای بەردەڕەش دروستکراون و نوژەنکراونەتەوە و پۆلیان بۆ زیادکراوە، پرۆسەکەش بەردەوامە.
بەڕێوەبەری پەروەردەی بەردەڕەش، مەھدی خەلیل، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی: لە کابینەی نۆیەمی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان گرنگی زۆر بە کەرتی پەروەردەی سنووری قەزای بەردەڕەش دراوە، لە دروستکردنی قوتابخانەی تازە بگرە تا نوژەنکردنەوە و زیادکردنی پۆلی قوتابخانەکان، بۆیە سوپاسی سەرۆکی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان دەکەین، لە ماوەی ڕابردووش خۆی سەردانی قەزای بەردەڕەشی کرد و زەنگی لێدانی ساڵی نوێی خوێندنی لێدا، بۆیە ئێمەش ئەوەی لە تواناماندا بێت خزمەتی پەروەردە دەکەین .
مەھدی خەلیل گوتیشی، ماموستایان سەرەڕای ئەو تەحەدیانەی بەسەر ھەرێمی کوردستاندا سەپێندراون، بەڵام مامۆستایانی سنووری پەروەردەی بەردەڕەش لە کار و پیشەی خۆیان بەردەوامن و خزمەت بەکەرتی پەروەردە دەکەن، ئەمەش جێگەی ڕێز و سوپاسە.
خەلیل باسی لەوەش کرد: لە کابینەی نۆیەمی حکوومەتی ھەرێمی کوردستاندا ١٣ قوتابخانە بە گوژمەی ھەشت ملیار دینار دروستکراون و ٧٠ قوتابخانەش بە گوژمەی ٢ملیار و ٥٠٠ملیۆن دینار نوژەنکراونەتەوە و پۆلیان بۆ زیادکراوە و بەردەوامیشین لە دروستکردن و نوژەنکردنەوەی قوتابخانە لە سنووری پەروەردەی قەزای بەردەڕەش، چونکە حکوومەتی ھەرێمی کوردستان بایەخێکی تەواو بە کەرتی پەروەردە دەدات.
بڵند ئیبراھیم




