٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
شرۆڤه‌ و بۆچوون

پێشمەرگەی دێرین مورادخان مەسەنەیی:ئەو بەرپرسانەی خۆیان بە پلە و پایە هەڵدەكێشا لای بارزانیی نەمر شوێنیان نەبوو

سەرچاوە: KDP.info

لە دایكبونی رابەرو سیمبولی كوردو كوردستان (مستەفا بارزانیی نەمر)

سەفەر یوسف میرخان ژاژوكی

 14 ی ئادار 110 ساڵەی دایكبوونی رابەرو سیمبولی كوردو كوردستان (مستەفا بارزانیی نەمر)ە، ئەو ڕابەرە مەزنەی كە لە شۆرش و خەباتگێڕیدا هەموو تێكۆشانی خۆی كردە دیاری بۆ ئازاد ژیان و سەرفرازبوونی گەل و خاكی كوردستان و رێبازێكی بۆ خەبات و خزمەتكردنی كوردستان دانا كە بووەتە دەوڵەمەندترین قوتابخانە بۆ رۆڵەكانی كوردستان، تا تیایدا فێری خۆشەویستی خاك و پاراستنی نیشتیمان ببن و لەم پێناوەدا ببنە خاوەن هەڵوێست. دیارە بەسەركردنەوەی ئەو پێشمەرگە ئازیزانە بەشێكە لە نەداكردنی ئەو ئەركە، لە دیمانەیەكدا یەكێك لەو تێكۆشەرە دێرین و ماندونەناسانەمان بەسەركردوە، كە ئەویش پێشمەرگەی شۆڕشی ئەیلوول و گوڵان و راپەڕین (موراد خان زەردو مەسەنەیی) لە ساڵی 1945 لە گوندی (مەسەنی) لە بنەماڵەیەكی كورد پەروەر و خەباتكار سەر بە دەڤەری بارزان لە دایكبووە و لە تەمەنی منداڵی ئاوارەی كوردستانی رۆژهەڵات بووە و غەریبی و ئاوارەی چیشتووە، گوندی مەسەنی چەندەها جار سووتاوەو دوژمن وێرانی كردووەو خەڵكی شۆڕشگێڕو بارزانی پەروەری ئەم گوندە هەمیشە ئامادەی خۆیان بۆ كوردایەتی هەبووە و لە تەمەنی لاویەتی بوووە لە ساڵی 1963بوویتە پێشمەرگە بەشداری داستانەكانی شۆڕشی ئەیلوول لە دەڤەری بارزان لە چیای سەروكانی، چیای شێروان، كورانی هەنجیروك و دری و دەڤەری باڵاكایەتیو هتد..) كردووە، یەكێك لەو پاسەوانەكانی بارەگای بارزانیی نەمر بووە و لە چەندین داستانی قارەمانیەتی بەشدار كردووە و دوای ئاوارە بوونی بۆ ئێران وەك پلەی بەرپرسیارەتی بەشداری شۆڕشی گوڵانی پێشكەوتنخواز كردووە و یەكێك لە متمانە باوەرپێكراوی نزیك شەهید ئێدریس بارزانی و جەنابی سەرۆك مسعود بارزانی بووە و ماوەی چەند ساڵ دەبێت لە بەر خەبات و ماندووبوونی تووشی نەخۆشی بووە و چەند جارێك جەلتەی لێدراوە خۆشبختانە لە كاتی ئاخەوتن زۆر لەسەرخو بوو ئەم یادە شكوهدارە باسی سەروەریەكانی رابردوی گەلەكەمان و تیشك دەخەینە سەر رۆژانی سەختی پێشمەرگایەتی. كە چوینە خزمەتی زۆر بە گەرمی و خۆشحاڵیەوە پێشوازی لێمان كردو سوپاسی رۆژنامەی خەباتی كرد بۆ ئەم بەسەركردنەوەیە...

·       سەرەتا بۆ یادی لە دایكبوونی بارزانیی نەمر،مام (موراد خان مەسەنەیی) گوتی:

لە یادی 110 ساڵەی دایكبوونی رابەری كورد بارزانیی نەمر پیرۆزبایی لە هەموو گەلی كوردستان دەكەم، یادی لە دایكبوونی بارزانیی نەمر بە نوسین و سەدان لاپەڕە تەواو نابێت، ئەمڕۆ یادی ئەو رۆژانە سەختانە دەكەینەوە كە بارزانیی نەمر بە چ هەست و بیرو باوەر هەموو تەمەنی خۆی بۆ خەباتی كوردستان تەرخان كرد، ئاواتخوازی بوو رۆژێك لە رۆژان میللەتی كوردستان بە مافەكانی خۆی بكات چونكە باوەڕی بە میللەتی كورد و دوا رۆژێكی گەش هەبوو.لە ساڵی 1963 پەیوەندیم بە شۆڕش كرد ئەو كات لە گەڵ چەند هاوڕێیەكم لە گوندی تاتكی سەربەدەڤەری بارزان بە خزمەتی بارزانی گەیشتین و پێشتریش هەواڵی لێهاتوویی و چاوەنەترسی بارزانیی نەمرم بیستبوو و ئاواتم بوو رۆژێك لە رۆژان بارزانیی نەمر لە نزیكەوە ببینم، ئەوە بوو كە چووین جەنابی بارزانیی نەمر خەڵك و پێشمەرگە لە دەوروبەری كۆبوونەوە، باش لە یادمە كە باسی باوەڕ و چۆنییەتی خۆئامادەكردەدن بە مان ونەمان بەرامبەر دوژمن دەكردو دەیفەرموو : من بە لولەی تفەنگ لە گەڵ خەڵكی كوردستان بەرگری لە كوردستان دەكەم، بۆیە منیش بوومە پێشمەرگەیەك سەرەتا لە گەڵ شەهیدی فەرماندە (میرشیروكی) بووم و لە ساڵی 1965 لە بارەگای بارزانیی نەمر پێشمەرگە بووم. بە راستی بارزانیی نەمر رابەری ئازادیخوازی كوردستان و لە پێشەوەی مەیدانی خەبات بوو و رێبەریكی ئەفسانەیی بوو و هەمیشە بیری لە كوردستان دەكردەووە ومێژوو شاهیدی ئەوە دەدات كە بارزانیی نەمر لە پێناو حەق و زۆڵمداری تەنها مافەكانی كوردستان ئەم رێبازەی هەڵبژارد تاكو كوردیش بتوانیت وەكو هەموو گەلانی تر بە ماف و حەقی خۆی بكات.

·       لە بارەی هەندێك لە سیفەتەكانی بارزانیی نەمر لە شۆڕشی مەزنی ئەیلوولدا مام (موراد خان مەسەنەیی) كە زۆر دەگریا، ئەوەی هاتە یادی گوتی:

لە كاتی شەڕ بەرگریكردن لە كوردستان بارزانیی نەمر هەمیشە خۆی لە پێشەوە شەڕ بووە گەورەترین زەربەی لە دوژمن دەدا باشترین پلانی بۆ دوژمن دادەنا، هەمیشە ئامۆژگاری بۆ پێشمەرگە ئەوە بوو كە نابی ورەتان لە دەست بدەن وهەر سەردەكەوین، بارزانیی نەمر نەیدەویست یەك فیشەك بە خۆرایی بتەقێنن، بۆیە دەیفەرموو: دەبی ئەو فیشەكە دەبی لە دوژمن بدەن، ئەو فیشەك شەرەفە و كوردستانمان دەپارێزێت، بارزانیی نەمر هەمیشە لە گەڵ راستی بووە و هەمیشە حەزی دەكرد كەسێك كارێك ئەنجام بدات بە راستگۆیانە بێت، هەمیشە وەك پێشمەرگەیەك ژیاوە هیچ كاتێك حەزی لە پلەو پایە نەبووە، كە سەردانی گوندێكمان دەكرد كە پێشمەرگە لەو حالەتەدا هیلاك و ماندوو دەبوون، بارزانیی نەمر دەیفەرموو: نابی بە بێ مۆڵەتی موختاری گوند یان ریش سپییەكان بچنە ناو گوندەكان و نابێت دەست بهاوێنە هیچ شتێك، ئەوە بوو رەفتار و هەڵسوكەوتی، هەمیشە ئێمەی پێشمەرگە گوێڕایەلی و ئامۆژگارییەكانی بارزانیی نەمر بووین، بارزانیی نەمر هەمیشە مرۆڤ دوست و عەدالەتخواز و میهربان بوو، لە سەر رێگا منداڵ یان گەنج و لاو و جوتیار و ئافرەت چاوی پێ كەوتبا قسەی لە گەڵ ئەو كەسانە دەكرد و وەك باوك رەفتاری دەكرد، هەر بەرپرسێك یان پێشمەرگەیەك یان كادیرك كە خزمەتی دەكرد بارزانیی نەمر ئەو كەسانەی خۆشدەویست، بەڵام ئەگەر بێزانیانە بەرپرسێك خۆی بە پلە و پایە هەڵدەكێشت و زۆرداری لە خەڵك دەكات ئەو كەسانە لای بارزانیی نەمر شوێنیان نەبوو، هەمیشە لە ناو میللەت یان ئەو میوانە بیانییەكان یان رۆژنامەنوسانی بیانی و هەركەسێك كە دەهاتە لای خۆی بە پێشمەرگەیەكی كوردستان دەناساند و دەیفەرموو: شانازی بۆمرۆڤ خۆی بە خزمەتكاری میللەتی خۆی بزانێت بۆیە من خزمەتكاری كوردستانم و نابی دوژمنان خاكی ئێمە داگیر بكەن، بۆیە هەتا هەتا خۆمان هەر بە پێشمەرگەی بارزانیی نەمر دەزانین و قەد لە یادمان ناچێت و هەردەم لە ناو دڵمان دایە.

·       ئەوەمان لێپرسی رۆژانی پێشمەرگایەتی كەسێكی هەردەم نزیك كاك ئیدریسی هەمیشە لە یاد و سەرۆك مسعود بارزانی بوویت و لە شۆڕشی گوڵاندا رۆڵێكی بەرچاوت هەبووە، بە هەستێكی غەمبار مام (موراد خان مەسەنەیی) گوتی:

 بەحەقیقەت شەهید ئیدریس بارزانی و سەرۆك مسعود بارزانی هەردووكیان برا و پشت و پەنای یەكتر بوون چ لە شۆڕشی مەزنی ئەیلوول یان گوڵان، ئەوان لە قوتابخانەی كوردایەتی بارزانیی نەمر فێرە بەرخودان و كوردایەتی بوون و دوای كۆچی باوكیان بە بەردەوامی درێژەپێدەری شۆڕشی مەزنی ئەیلوول بوون و ئەوان بوون كە شۆڕشیان بەرپا كرد و بە هەمان روحیەت چووینە ناو سەنگەری شۆڕشگێری بۆ ئاواتەكانی پارتی و بارزانی، ئەوانیش وەكو ئێمە سەرما و برسیەتی و تینوێتیان بینیوە، شاخیان بینیوە بۆ بەرگریكردن لە كوردستان، بۆیە شەهید ئیدریس بارزانی و سەرۆك مسعود بارزانی هەموو كات ئامۆژگاریی و وتە بە نرخەكانی باوكیان جێبەجێ دەكرد و پلانی بارزانیی نەمر چ بوایە ئەوان لە سەر پلانی ئەو دەڕۆیشتن بۆیە ئەوان ئومێدی كوردستان و پارتی بوون.

·       لە كۆتاییدا بۆ ئەم یادە گوتی:

داوا لە گەنجانی ئەمرۆ دەكەم كە بزانن دوێنی لە گەڵ ئەمرۆی ئێستا زۆر جیاوازی هەبوویە دوێنی لە شاخ و لە ناو سەنگەری بەرخودان بووین. دەبی ئێوەی گەنج لە سەر ئەو رێبازە بە بەردەوامی بۆ ئەوەی كە كوردستان لە ئەمەن دا بێت پارێزگاری بكەن و خزمەتی وەڵاتان بكەن و هاوكار بن . نەوەی ئەمڕۆ بە وردی مێژووی خەباتی بارزانیی نەمرو مێژووی پڕ سەروەری پارتی دیموكراتی كوردستان بخوێننەوەو باشتر بزانن ئەم رابەرە چەند دڵسۆزانەو خەمخۆرانە بەبێ جیاوازی خزمەتی خەڵكی كوردستانی كردووەولەم یادە دا دەبێ هەموو خەڵكی كوردستان پاڵپشتی سەرۆكی هەرێمی كوردستان سەرۆك مسعود بارزانی بن، هەروەها دەبێ برایانە و كوردانە لەگەڵ یەكتر بین بۆ ئەوەی كێشەكانی كوردستان چ لە ناوە و چ لەدەروە باشتر بكەین و نەهێڵین ناحەزانی كورد وەزعی كورد و ژیانی كورد تێكبدات و دەبێ یەك دەنگ بین بۆ كوردستان ئەم دەسكەوتانە دەبی بپارێزن تاكو وڵاتمان باشتر و سەركەوتوو تر بێت، هیوادارم هەموو ناوچەكانی كوردستان بگەڕێنەوە. لەم یادەدا هەزاران سڵاو و درود لە گیانی گشت شەهیدانی رێگای رزگاری كوردستان و سەروەریان بارزانیی نەمر و كاك ئیدریسی هەمیشە زیندوو. سوپاس بۆ ئێوە و رۆژنامەی خەباتان كە ئێمەی بەسەر كردەوە، هیوای سەركەوتن بۆ رۆژنامەی خەبات دەخوازم.

تیبنی: ئەم بابەتە لە ژمارەی (4280) رۆژنامەی خەبات لە(17-3-2013) بڵاو بوویتەوە.

 

 

هەواڵی پەیوەندیدار