دابهزینی نرخی دۆلار پەیوەندی بەسەردانی شاندی عێراق بۆ ئەمریکا نییە

ھەولێر-KDP.info- بریکاری پێشووی وەزارەتی دارایی حکوومەتی عێراق گوتی، ھەر چەند رێکار بگرینەبەر تاوەکو گەمەکردن بەبازاڕ و بەقاچاغ بردنی دۆلار بەردەوام بێت نرخی دۆلار بەرامبەر بەدیناری عێراقی جێگیر نابێت.
دکتۆر فازڵ نەبی، بریکاری پێشووی وەزارەتی دارایی حکوومەتی عێراق، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی: "لەو دۆخەی ئێستا عێراقی تێدایە بە بۆچوونی من کاتییە دابەزینی دۆلار و ھەندێک ڕێکاریان گرتووەتەبەر بانکی ناوەندی، بەڵام تاوەکو ئەوانەی قاچاغی و گەمە بە دۆلار دەکەن ڕەنگە گەمەیەکی پێی بکەن و جارێکی دیکە نرخی دۆلار وەکو خۆی لێ دێتەوە، بەڵام ئەگەر ڕێکاری پێویست بگرنەبەر دۆخی ئابووری عێراق باشە ھاوکات یەدەگیشی باشە، بۆیە حەقە دیناری عێراقی زیاتر سەرکەوێت، بەڵام لەعێراق ھیچی زانستی سەرناگرێت بەھۆی ئەوەی ئەوانەی گەمە بەبازاڕ دەکەن زۆرن و دەسەڵاتیان ھەیە و ھەرکاتێک بیانەوێت ئەو کارە دەکەن".
دکتۆر فازڵ گوتیشی: "ئەو کەسانەی گەمە بەبازاڕی نرخی دراو دەکەن ناتوانین پێشبینی بکەین نرخەکە چی لێ دێت، لەبەر ئەوەی ئێستا نرخی دراو لە دەستی ئەوانەیە کە گەمە بە بازاڕ دەکەن و قاچاغی بەدۆلار دەکەن، بۆیە تاوەکو ئەو دەستە بمێنێت ئەستەمە نرخی دۆلار جێگیر بێت و پێویستە ئەو کارە ڕابگرن ئەوکات ڕێکارەکان جێبەجێ بکرێن و دەتواندرێت نرخی دۆلار جێگیر بکرێت".
نەبی باسی لەوەشکرد: "ھاتنە خوارەوەی نرخی دۆلار پەیوەندی بەسەردانی شاندی حکوومەتی عێراق بۆ ئەمریکا نیە و تەنھا لەڕووی دەروونی ھەرکاتێک پەیوەندی عێراق و ئەمریکا باش بێت نرخی دۆلار بەرەو دابەزین دەبێت و ئەگەر باش نەبێت بەرەو بەرزبوونەوەیە و کاریگەری لەسەر بازاڕ دەبێت، ئەگەر نا لەڕووی کرداری ھیچی تازە نیە لەنێوان ھەردوو وڵات بۆ ئەوەی رێکاری تازە بگرنەبەر، بۆیە حکوومەتیش ناتوانێت رێگری لە بەقاچاغبردنی دۆلار بگرن".
ماوەیەکە نرخی دۆلار بەرەو دابەزینە و گەیشتووەتە خوار ١٥٠ ھەزار دینار لەکاتێکدا لەماوەی ڕابردوو لەسەرووی ١٥٠ ھەزار دینار جێگیرکرابوو، لەکاتێکدا حکوومەتی عێراق و بانکی ناوەندی بەردەوام رێکاری تازە دەگرنەبەر بۆ ئەوەی نرخی ١٠٠ دۆلار ببێتە ١٣٢ ھەزار دینار، بەڵام تاوەکو ئێستا نەگەیشتووەتە ئەو نرخە.
بڵند ئیبراھیم




