٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

عەلی تەتەر: بە گوێرەی زانیارییە سەرەتاییەکان 20 کۆگە سووتاون

سەرچاوە: KDP.info

دهۆک-KDP.info- پارێزگاری دهۆک دوای ڕووداوی ئاگرکەوتنەوەی بازاڕی چەلێ، سەردانی بازاڕەکەی کرد و گوتی: بە شەو و ڕۆژ کاردەکەن بۆ ئەوەی بازاڕەکە بگەڕێنینەوە دۆخە ئاساییەکەی. ئاماژە بەوەش دەدات، بەگوێرەی زانیارییە سەرەتاییەکان، 20 کۆگە سووتاون.

د. عەلی تەتەر، پارێزگاری دهۆک بە هاوڕێیەتی ژمارەیەک له‌ بەڕێوەبەرانی فەرمانگە پەیوەندیدارەکان سەردانی بازاڕەکەی کرد و، لە لێدوانێکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند، لیژنەیەکی تایبەتمەند پێک هێندراوە بۆ ئەوەی زیانە ماددییەکانی ئاگرەکەی بازاڕی "چەلێ" بخەمڵێنێت.

وەکو ئەوەی پارێزگاری دهۆک باسی کرد، "ئەوەی ئێستا زۆر پێویستە، کۆنترۆڵکردن و سارکردنەوەی پاشماوی ئەو ئاگرەیەیە کە تا  ئێستا لە هەندێک شوێن و لەنێو هەندێک دووکان ماوەتەوە". گوتیشی، "هەوڵدەدەین لە زووترین کاتدا بازاڕی چەلێ بگەڕێنینەوە دۆخی ئاسایی خۆی، پێویستە تا سبەینێ پاک بکرێتەوە."

لەبارەی ئەوەی "ئایا چەند دوکان و کۆگە لە ئەنجامی ئاگرەکە سووتاون؟" د. عەلی تەتەر گوتی، "بە گوێرەی زانیارییە سەرەتاییەکان، 20 کۆگە سووتاون، بەڵام ئەم ئامارە پشتڕاست نەکراوەتەوە و لیژنەی تایبەتمەند زیانەکان دەخەمڵێنێت". ڕاشیگەیاند، کارەبا لە زۆر شوێن دەبڕدرێت بۆ ئەوەی شۆرتی کارەبا لە هیچ شوێنێکی دیکە ڕوونەدات.

پارێزگاری دهۆک جەختی لەوە کردەوە، "بە شەو و ڕۆژ کاردەکەین بۆ ئەوەی بازاڕی چەلێ بگەڕێنینەوە دۆخی ئاسایی خۆی. هەموومان بەیەکەوە کاردەکەین، هەر وەکو چۆن بەیەکەوە کارمان کرد بۆ هاوکاریی زیانلێکەوتووانی لافاوەکەی چەند ڕۆژی ڕابردووی شارەکەمان".

هەواڵی پەیوەندیدار