٢٥ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

بەرپرسی لقی١٧: دانانی قایمقامی شنگال لە ده‌ره‌وه‌ی رێککەوتن ڕەتدەکەینەوە

سەرچاوە: KDP.info

شنگال-KDP.info- بەرپرسی لقی١٧ی پارتی دیموکراتی کوردستان لە شنگال دەڵێت، ھەر ھەنگاوێک بەئاراستەی چارەسەری دۆخی شنگال بنرێت پێویستە بەپێی رێککەوتنی نێوان ھەرێم و بەغدا بێت و بۆ دانانی قایمقامیش پێویستە بۆ ئەو رێککەوتنە بگەڕێینەوە.

نازم ھەرکی، بەرپرسی لقی ١٧ی پارتی دیموکراتی کوردستان لە شنگال، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی: "پرسی دانانی قایمقامی شنگال بڕگەیەکە لە رێککەوتنی شنگال لەنێوان ھەردوو حکوومەت لە مانگی ١٠ی ساڵی ٢٠٢٠ ئەنجامدراوە، کە لەشەش بڕگە پێکدێت و یەکێک لەبڕگەکان باسی دانانی ئیدارەیەکی نوێ بۆ شنگال دەکات کە لایەنی سێ یەمیش ئامادەبوو لە رێککەوتنەکە، بۆیە کلیلی چارەسەری و دانانی قایمقامی شنگال پێویستە بگەڕێینەوە بۆ رێککەوتنی شنگال، چونکە ئێمە سوورین لەسەر ئەوەی ھەر ھەنگاوێک بەئاراستەی چارەسەری دۆخی شنگال بنرێت پێویستە بەپێی ڕێککەوتنی شنگال بێت و ئیدارەی شنگال لەسەر ئەو بنەمایە دابنرێت ئەگەر نا بەھەر شێوەیەکی دیکە بیانەوێت ئیدارەی شنگال دابنرێت ڕەتی دەکەینەوە".

نازم ھەرکی گوتیشی: "ئێمە لەگەڵ ئەو شێوازەی دیاریکردنی قایمقامی قەزای شنگال نین لە ڕێگەی ئەنجوومەنی پارێزگای مووسڵ، چونکە پێویستە بەپێی یاسا دوای شەش مانگ لەھەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکان ھەڵبژاردنی ئەنجوومەنی قەزاکان بکرێت و ئەوان ئیدارەی قەزاکان دابنێن، بۆیە ئەوەی ئەوان دەیکەن ھەم دژی یاسا و ھەمیش دژی رێککەوتنی شنگالە و لەبەرژەوەندی پارێزگای نەینەوا بەگشتی و شنگالیش بەتایبەتی نیە".

ئەنجوومەنی پارێزگای نەینەوا دەرگای خۆ کاندیدکردنی بۆ ھەڵبژاردنی قایمقامی قەزای شنگال کردۆتەوە و چەند مەرجێکی دیاری کردووە بۆ ئەو کەسانەی دەیانەوێت ببنە قایمقامی قەزای شنگال.

 

بڵند ئیبراھیم 

 

هەواڵی پەیوەندیدار