وەزارەتی کاروباری شەهیدان و ئەنفالکراوان بەشداری سیمیناری جیهانیی (ڕافائیل لیمیکن) دهكات
__2024_03_31_h19m20s24__HK.jpg)
وەزارەتی کاروباری شەهیدان و ئەنفالکراوانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە وڵاتی پۆڵۆنیا بەشداری کرد لە سیمیناری جیهانیی (ڕافائیل لیمیکن) کە لەلایەن پەیمانگای ئاوشڤیتزی ئەمریکی ڕێکخرا بوو.
سیمیناری جیهانیی ڕافائیل لیمیکن هەفتەیەکی خایاند و چەندین شارەزای بواری جینۆساید و دەیان کارمەندی دامودەزگای حکوومی و ڕێکخراوە جیهانییەکان تێیدا بەشدار بوون، مەبەست لێی پێگەیاندنی شارەزایانی بواری جینۆساید و زانیاری بوو لەسەر ڕێگریکردن لە ڕوودانی تاوانی لەو جۆرە.
سیمینارەکە بەناوی پارێزەری کۆچکردووی پۆڵەندی ڕافائیل لیمیکنەوە ناونراوە، خۆی داهێنەری یاسای جینۆساید بووە و دواتریش لەسەر داوای ئەو لە ساڵی ١٩٥١ لە نەتەوە یەکگرتووەکان پەسندکراوە.
لە سیمینارەکەدا بابەتێکی تایبەت تەرخان کرابوو بە جینۆسایدی کورد و لەلایەن ڕێکخراوی کەی جی لۆبی سەنتەرەوە پێشکەش کرا.
جگە لەوەش وتاری حکوومەتی هەرێمی کوردستان لەلایەن بەڕێز زیاد ڕەئوف نوێنەری حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە وڵاتی پۆڵۆنیا بۆ بەشداربووان خوێندرایەوە و باس لە بەرنامە و دیدگای حکوومەتی هەرێمی کوردستان و ئامانجی ناساندنی جینۆسایدی گەلی کوردستان لە ئاستی نێودەوڵەتی کرا.
لەمیانەی سیمینارەکەدا و بە درێژایی هەفتەی کارنامەکە، چەندین جار شاندی وەزارەتی کاروباری شەهیدان و ئەنفالکراوان بابەتی جینۆسایدی گەلی کوردیان خستەڕوو و تیشکیان خستە سەر ئەو تاوانانەی عێراق لەسەردەمی ڕژێمی بەعس دژ بە گەلی کوردی ئەنجامی داون.
سەرەڕای ئەوەش شاندی وەزارەتی کاروباری شەهیدان و ڕێکخراوی کەی جی لۆبی سەنتەر بەجیا لەگەڵ بەشداربووان کۆبوونەوەیان ئەنجامدا و باسی بەرنامەی حکوومەت و وەزارەتیان تایبەت بە پرسی ناساندنی جینۆسایدی گەلی کورد و پشتیوانی وڵاتان و ڕێکخراوە نێودەوڵەتیەکان کرد و بە گرنگ وەسفیان کرد، لەم بارەیەوە و زۆرینەی بەشداربووان ئامادەیی خۆیان بۆ پاڵپشتی ئەم پرسە دەربڕی.
شاندی وەزارەتی کاروباری شەهیدان و ئەنفالکراوان پێکهاتبوو لە هەر یەک لە بەڕێزان کامەران عەبدوڵڵا ڕاوێژکاری وەزارەت، سیروان عزیز بەڕێوەبەری گشتی، کەریم کاوە کەریم بەڕێوەبەری گشتی کاروباری شەهیدان و ئەنفالکراوانی سۆران و ڕێبەند عبدالرحمن ئەندازیاری پێشکەوتوو و هاوڕێ لەگەڵ ئاورینگ شاوێس بەرپرسی ڕێکخراوی کەی جی لۆبی سەنتەر.




