داعش ھەڕەشەی گەڕانەوە دەکات
_(1)__2024_03_31_h14m35s23__ER.jpg)
شنگال _KDP.info_ قایمقامی قەزای شنگال دەڵێت: داعش لە چەند ناوچەیەک بڵاوکراوەی بۆ خەڵک ناردووە و تێیدا باسی کردووە: دەگەڕێینەوە، ئەمەش ترسێکی گەورەی لای خەڵک دروست کردووە، چونکە داعش کارەساتی گەورەی بەسەر خەڵک ھێناوە و ھەمیشە جێگەی مەترسییە لای خەڵک.
نایف سەیدۆ ، قایمقامی قەزای شنگال، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی: ھێزە چەکدارەکانی داعش بڵاوکراوەیان لە چەند ناوچەیەک بڵاوکردۆتەوە کە شانەی نھێنییان زۆرن و لە زۆر ناوچە ھەیە، باسیان لەوە کردووە دەگەڕێنەوە بۆ ناوچەکە، ئەمەش ترسێکی گەورەی لای خەڵک دروست کردووە، چونکە خەڵک زیانی زۆری گیانی و ماددیان لە دەستییان بینیوە.
نایف سەیدۆ گوتیشی: داعش لە عێراق و سوریا ھەیە و شنگالیش دەکەوێتە سەر سنووری نێوان ھەردوو وڵات و داعش بە ئاسانی ھاتوچۆ دەکات، ئەمەش وایکردووە بەردەوام ترس لای خەڵک دروست بێت بەتایبەت بۆ ئاوارەکان، گەڕانەوەیان زۆر قورستر دەبێت ، چونکە داعش تا ئێستاش لە چالاکی و کردەوەکانی خۆی بەردەوامە.
سەیدۆ ڕوونیشی کردەوە: ئەو ھێزە ئەمنیانەی لە شنگال ھەن جێی باوەڕ و متمانەی خەڵکی ئێمە نین، چونکە ھەر گروپێک لە شوێنێکە و بۆخۆیان پارێزگاری لێ دەکەن، بۆیە یەک ھێز نییە بتوانی ئەمنیەتی شنگال و خەڵک بپارێزێت نا بتوانن متمانەیان پێ بکەن، ھەر بۆیە خەڵک بەو شێوەیەی ئێستا ھەیە ناتوانێت بگەڕێتەوە بەتایبەت ئەگەر مەترسی و ھەڕەشەی داعش ھەبیت.
بڵند ئیبراھیم




