٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

وه‌زاره‌تی كشتوكاڵ: لە ڕۆژانی داھاتوودا بڕیارەکە کاریگەری له‌سه‌ر نرخی گۆشت دەبێت

سەرچاوە: KDP.info

ھەولێر-KDP.info- بەڕێوەبەری سامانی ئاژەڵ لە وه‌زاره‌تی كشتوكاڵ گوتی، بڕیاری حکوومەتی ھەرێمی کوردستان بۆ کەمکردنەوەی گومرگی ھاوردەکردنی ئاژەڵ لە دەرەوە بەڕێژەی ٥٠% کاریگەری باشی دەبێت لەسەر کەمکردنەوەی نرخی گۆشت و بەرھەمی ناوخۆش زیاد دەکات.

فیراس سدیق، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی: "ئامانج لە بڕیاری ئەنجوومەنی وەزیران بۆ کەمکردنەوەی ٥٠%ی گومرگ لەسەر ئاژەڵی ھاوردە بۆ ئەوەیە نرخی گۆشت لە ھەرێمی کوردستان دابەزێت، ئەمساڵ نرخی گۆشت بەرێژەیەکی بەرچاو بەرزبۆوە، ھۆکارەکەشی بۆ وشکەساڵی چەند ساڵی ڕابردوو دەگەڕێتەوە نەک تەنھا لە ھەرێم بەڵکو لەناوچەکە و لەجیھانیش ئەمە وایکرد ئاژەڵ بەگشتی ڕێژەی کەمبێتەوە و نرخی بەردەوام وابکات گران بێت، بۆیە گۆشت بەشێوەیەکی جیھانی گران بوو نەک تەنھا لە ھەرێمی کوردستان، بۆیە حکوومەتی ھەرێمی کوردستان ئەو بڕیارەی دا نرخی گۆشت کەمبێتەوە، ھاوکات سەرۆکی حکوومەت ئەو بڕیارەی لەپێناو بەرژەوەندی خەڵکی دا، چونکە حکوومەتی ھەرێمی کوردستان لەسەرەتای کابینە ھەموو ھەوڵێکی داوە بۆ ئەوەی بڕیار لەبەرژەوەندی خەڵک بدرێت".

فیراس سدیق گوتیشی: "ئەو بڕیارە کاریگەری دەبێت لەسەر نرخی گۆشت و تەنھا بۆ ئاژەڵی گۆشت نیە، ھەروەھا ئەو ئاژەڵانەش دەگرێتەوە بۆ بەخێوکردن ھاوردە دەکرێت و پڕۆژەکانی مانگای شیر و مەڕ و بزن و گۆشتیش ھەرزان بێت و پەرە بەپڕۆژەکانی سامانی ئاژەڵ بدرێت، بۆیە سوودەکانی ئەو بڕیارە دوو لایەنەو لە ڕۆژی ھەینی بڕیارەکە جێبەجێکراوە و لە ڕۆژانی داھاتوو کاریگەری بڕیارەکە دیار دەبێت، ھەروەھا ئەوەی لەسەر حکوومەت بوو ئەنجامیدا و ئەوەی دیکەش لەسەر بازرگانان دەمێنێتەوە کە ئاژەڵ ھاوردە دەکەن و نرخەکانیش لە دەرەوە و ئالیکیش بەھەمان شێوە".

ناوبراو دەشڵێت: "ئێمە ساڵانە ٨٦ ھەزار تەن گۆشتمان پێویستە بۆ پێداویستی ناوخۆ و بەرھەمی ناوخۆ دەگاتە ٨٧ ھەزار تەن، بەڵام بەھۆی ئەوەی ساڵانی ڕابردوو وشکەساڵی بوو بەرھەم کەمیکردووە و ئەمساڵیش بەھۆی ئەوەی بارانی باش باریووە و شکەساڵی نەماوە ئەوە ئومێدبەخشە بەرھەمی ناوخۆ زیاتر بێت، بۆیە ئێستا دەتوانین بەڕێژەی ٥٥%پێداویستی ناوخۆ پڕبکەینەوە، لەبەر ئەوەی ١٠٣ پڕۆژەی بەخێوکردنی مانگای گۆشتمان ھەیە، بەڵام ئێمە زیاتر پشت بەو ئاژەڵانە دەبەستین کە ھاووڵاتیان لەشوێنی جیاجیا بەخێویان دەکەن".

 

بڵند ئیبراھیم

 

هەواڵی پەیوەندیدار