٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

قوتابیانی پارالێل له‌ ڕێگه‌ی KDPیه‌وه‌ سوپاسی خۆیان ئاراستەی مەسروور بارزانی ده‌کەن

سەرچاوە: KDP.info

ھەولێر-KDP.info- بە بڕیاری سەرۆکی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان، کرێی خوێندنی قوتابیانی پارالێل و ئێواران ٢٠% کەمکرایەوە، ئەوەش دڵخۆشی قوتابیانی لێکەوتووەتەوە، لەمبارەشەوە قوتابیەک دەڵێ، سێیەم جارە کرێی خوێندن کەم دەکرێتەوە، بۆیە ئەم بڕیارە خۆشحاڵی کردووین و بارگرانی لەسەر شانی خێزانەکانمان کەم دەبێتەوە.

عومەر فارس، قوتابی زانکۆی ھەڵەبجە، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: "ئێمە وەک قوتابیان بەتاسەوە چاوەڕێی بڕیارەکانی بەڕێز مەسروور بارزانی بووین، داشکاندنی ٢٠% کرێ خوێندن موژدەیەکی خۆشبوو بۆ ئێمەی قوتابیان، ئەم بڕیارە خۆشحاڵی کردووین و بەڕاستی بڕیارەکە زۆر باشبوو لەم بارودۆخی ئابووریەی بەرۆکی گرتووین، بارگرانی لەسەر شانی خێزانەکانمان کەم کردەوە".

فارس باس لەوە دەکات: "سەرۆکوەزیرانی کوردستان بەردەوام بە بڕیارەکانی پاڵپشتی قوتابیان و سێکتەری پەروەردە و خوێندنی باڵا بووە، پێش ئەم بڕیارەی چەندان بڕیاری تریش دراون لە بەرژەوەندی قوتابیان، ھەروەھا کەمکردنەوەی کرێی خوێندن وای کردووە قوتابیانی ئابووری مام ناوەند بتوانن بەردەوامبن لە پڕۆسەی خوێندن، ھاوکات دەتوانین بڵێن سەرۆکوەزیرانی کوردستان پاڵپشتێکی گەورەی پێشخستنی پڕۆسەی پەروەردە و خوێندنی باڵایە".

بوژە مەریوان، قوتابی زانکۆی ھەڵەبجە، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: "بڕیارەکەی سەرۆکی حکوومەت بۆ قوتابیان ھەڵوێستێکی دڵسۆزانە و بەرپرسیارانە بوو، ڕەچاوکردن و تێگەیشتن بوو لە دۆخ و ناڕەحەتیەکانی خێزانی قوتابیان، بەھۆی دواکەوتنی مووچە بەو ستەمەی بەغدا لە گەلی کوردی دەکەن، سەرۆکی حکوومەت لە خەمی ھاووڵاتیان بووە، بڕیاری کەمکردنەوەی کرێی خوێندن سوودێکی زۆری بە توێژی قوتابیان گەیاند، ئەم بڕیار و ھەنگاوە دڵی ھەزاران خێزانی قوتابی خۆشکرد".

ناوبراو گوتیشی: "بێجگە لەم بڕیارە چەندین بڕیاری گرنگی دەرکرد کە سەرجەم ھاونیشتیمانیان لێی سوودمەند بوون، بەمەش ئەو ڕاستییەمان بۆ دەردەکەوێت کاک مەسروور بارزانی بە ئاگایە لە دۆخی ھاووڵاتییانی و لە بەرەی ھاووڵاتیاندایە بۆ کەمکردنەوەی بارگرانی سەرشانیان، ھاوکات لێرەدا بە پێویستی دەزانین سوپاس و پێزانینی خۆمان ئاراستەی سەرۆکی حکوومەت بکەین بۆ ئەو بڕیارە سەنگینانەو بە ئومێدەوە لە ھەنگاوە حەکیمەکانی دەڕوانین و پێکەوە پشتیوان بە خودا ئەو دۆخەیە تێدەپەڕێنین و سەردەکەوین".

شاد حەمەمین، قوتابی زانکۆی ھەڵەبجە، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: "سەرۆکی حکوومەت ھەمیشە لە خەمی پڕۆسەی خوێندن بووە، چەندین بڕیاری گرنگی داوە بۆ ئەم سێکتەرە، بڕیاری جەنابی مەسروور بارزانی پێمان دەڵێ وەک ھەمیشە سەرۆکی حکوومەت لەخەمی پەروەردە و فێرکردندایە، بەم دۆخی ئابووریە قورسەی ھەیە ئەو ئەرکە لەسەر شانی قوتابیان و خێزانەکانیان کەم دەکاتەوە".

ناوبراو ده‌شڵێ: "ئیدی ئێمەی قوتابیان چاومان لەسەر زیاتر پڕۆسەی خوێندنەکەمان دەبێت لە بری خەمی دانی قیستی خوێندنەکەمان، بۆ سێیەمین جارە لەلایەن حکوومەتی ھەرێمی کوردستان، بەبڕیاری سەرۆکوەزیران، داشکاندن لە کرێی خوێندنی قوتابیان دەکرێت، ئێستا لە %٨٥ ئەو کرێیەی خوێندن لەسەر شانی ئێمەیە وەک قوتابی بیدەین بە زانکۆ بۆمان کەمکراوەتەوە، بەراورد بە ساڵانی ڕابردوو ئێستا قوتابی %١٥ کرێی خوێندن دەدات ئەم بڕیارانە کارئاسانی تەواو دەکات بۆ ئێمەی قوتابیان".

 

عەزیز ڕەسووڵ

هەواڵی پەیوەندیدار