٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

لیوا عەبدولخالق بۆ KDP: ئەو ھۆکارانه‌ وایان کردووە داعش دەست بەچالاکی بکاتەوە

سەرچاوە: KDP.info

بەغدا-KDP.info- نوێنەری حکوومەتی ھەرێمی کوردستان لەفەرماندەی ئۆپەڕاسیۆنی ھاوبەشی عێراق گوتی، دوو ھۆکاری سەرەکی بوونەتە ھۆی ئەوەی داعش جارێکی دیکە جمووجۆڵ و چاڵاکی لە عێراق زیاد بێت، ئەوانیش جێبەجێ نەکردنی بەرنامەی پێشتر دانرابوو، دووەمیش تێکچوونی بارودۆخی سیاسی، ئەمانە وایان کردووە داعش جارێکی دیکە دەست بەچالاکی بکاتەوە.

لیوا عەبدولخالق تەڵعەت، نوێنەری حکوومەتی ھەرێمی کوردستان لە فەرماندەی ئۆپەڕاسیۆنی ھاوبەشی عێراق، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی: "ھۆکارەکانی دووبارە جمووجۆڵ و سەرھەڵدانەوەی داعش بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە ئەو بەرنامەی دانرابوو بۆ پڕکردنەوەی بۆشایی لەناوچە کوردستانیەکان تاوەکو ئێستا وەکو خۆی ماوە و جێبەجێ نەکراوە دوای ئەو ھەموو بەڵێنەی درابوو، هەروەها دۆخی سیاسی عێراقیش باش نیە و ئەو دوو ھۆکارە کاریگەری سەرەکی ھەیە، بۆیە ئەمانە دووبارە وای کردووە داعش دەست بەچالاکی بکاتەوە، چونکە داعش ھەر مابوو ئەگەر بەو شێوەیە بەردەوام بێت داعش کردەوەکانی بەرەو زیادبوون دەچن".

لیوا عەبدولخالق تەڵعەت گوتیشی: "دوو لیوای ھاوبەش بۆ ناوچە کوردستانیەکان و پڕکردنەوەی بۆشایی ئەمنی نێوان پێشمەرگە و سوپای عێراق ئامادەکراون و ھەموو کارەکانیان تەواوبووە و مەشق و ڕاھێنانیشیان کردووە، بەڵام تاوەکو ئێستا ئەو بەرنامەی بۆیان دانرابوو جێبەجێ نەکراوە، هاوکات تێکچوونی بارودۆخی سیاسی وا دەکات جارێکی دیکە داعش دەرکەوێتەوە و ئێستاش بارودۆخی سیاسی باش نیە و لەبارە دووبارە بەدەربکەونەوە، بۆیە ئەمە وای کردووە چالاکی داعش زیاتر بێت و بەردەوامیش بێت".

ناوبراو دەشڵێت: "ھێزە عێراقیەکان ناتوانن کۆنتڕۆڵی ئەو ناوچانە بکەن بەبێ ھاوپەیمانان لە عێراق، بۆیە بەردەوام پێویستی بەھاوکاری و ھەماھەنگی ھێزەکانی ھاوپەیمانان لە عێراق ھەیە".

 

بڵند ئیبراھیم

هەواڵی پەیوەندیدار