دوای سەردانەکەی مهسروور بارزانی ھەڵەبجە دهبێتە جێگای بایهخی وەبەرھێنەران

ھەڵەبجە-KDP.info- بەڕێوەبەری گشتی وەبەرھێنانی ھەڵەبجە، لە سەردانەکەی سەرۆکوەزیران مەسروور بارزانی بۆ ھەڵەبجە، بڕیاری گرنگ دراون تایبەت بە کار ئاسانی و لێخۆشبوونی وەبەرھێنەران تاوەکو پڕۆژەی وەبەرھێنان لە ھەڵەبجە جێبەجێ بکەن، ھاوکات نووسراوێکی سێ خاڵی گرنگمان بەدەست گەیشتووە و ڕەزامەندی وەبەرھێنانی لێکەوتووەتەوە.
ئەندازیار زانیار حەمە نووری، بەڕێوەبەری گشتی وەبەرھێنانی ھەڵەبجە، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: "لە رێککەوتی ٢٢-٢-٢٠٢٤ لە سەردانی سەرۆکوەزیرانی کوردستان بۆ ھەڵەبجە، ھەمان ڕۆژ دکتۆر محەممەد شوکری سەرۆکی دەستەی وەبەرھێنان نووسراوێکیان گەیاندە دەستمان، کە سێ خاڵی گرنگی تێدایە تایبەت بە ئاسانکاری بۆ وەبەرھێنان لە پارێزگای ھەڵەبجە".
ناوبراو ڕوونیکردەوە: "خاڵی یەکەم لێخۆشبوونە لە کۆمەڵێک لە باج و ڕسوومات بۆ ڕاییکردنی ڕێکارەکانی پڕۆژە تاوەکو پێدانی مۆڵەتی پڕۆژە لێخۆشبوون کراوە، ھاوکات دووەم بڕیار، وەبەرھێنەر داواکاری جێبەجێکردنی پڕۆژەیەکی وەبەرھێنان دەکات لە ھەڵەبجە، کە دابەزاندنی سەرمایەی پڕۆژەکانی وەبەرھێنان لە یەک ملیۆن دۆلار بۆ نیو ملیۆن دۆلارە، ھەروەھا سێیەم خاڵ بڕیارە لیژنەیەکی باڵا لە وەزارەتی کشتوکاڵ و دەستەی وەبەرھێنان پێکدەھێندرێت، دەست بکرێت بە چارەسەرکردنی ئەو کێشانەی لە زەوی کشتوکاڵیەکان ھەیە و تەرخانکردنیان بۆ پڕۆژەکانی وەبەرھێنان".
ئەندازیار زانیار ئاماژەی بۆ ئەوەشکرد: "دوای گەیشتنی ھەرسێ بڕیارەکە گشتاندنمان بۆ کردووە، پڕۆسەکە پیدەچێت ھێشتا بڕیارەکان نوێن، بەڵام بەپێی ئەوەی بڕیارەکان بە وەبەرھێنەران و ئهو لایەنانەی لەکەرتی تایبەت کاردەکەن پێمان گەیاندوون، فیدباکێکی زۆرباش ھەیە، ھەروەھا ھەڵەبجە وای لێدێت بۆ پڕۆژەکانی وەبەرھێنان ببێتە جێگای بایهخی وەبەرھێنەران و پڕۆژەی تێدا جێبەجێ بکەن".
بەڕێوەبەری گشتی وەبەرھێنانی ھەڵەبجە گوتیشی: "بەردەوام مامەڵەی پڕۆژەی وەبەرھێنان ھەیە بەڵام پڕۆسەکە خاو بووە، لەپێشدا ھەڵەبجە جێگای تەماحی وەبەرھێنەران نەبووە لە ڕابردوودا، لە دوای ئەم بڕیارانە چاوەڕێ دەکەین داواکاری زیاتری وەبەرھێنان بۆمان بێت، لە ساڵی ٢٠٢٤ ژمارەی مۆڵەتەکان بەرزبکەینەوە، تاوەکو ئێستا تەنھا ٩ مۆڵەتمان داوە".
لە رێککەوتی ٢٢-٢-٢٠٢٤ مەسروور بارزانی سەرۆکوەزیرانی کوردستان، سەردانی پارێزگای ھەڵەبجەی کردوو و بەردی بناغەی پڕۆژەی پردی تووە قووتی دانا و فەرمانی بەفرۆشتنی ژمارەی تابلۆی ئۆتۆمبێلی ھەڵەبجەی دەرکرد، ھەروەھا پڕۆژەیەکی گەورەی وەبەرھێنانی بەسەرکردەوە، دواتر یاداشتێکی ٩ خاڵی ئیدارەی پارێزگای ھەڵەبجەی قبووڵکرد بۆ جێبەجێکردنی کۆمەڵێک پڕۆژەی گرنگ و دامەزراندنی ٥٠٠ فەرمانبەر و خێراکردنی ڕێکارەکانی بە قەزاکردنی خورماڵ و گرنگیدان بە ڕاکێشانی دەستی وەبەرھێنان بۆ پارێزگاکە.
عەزیز ڕەسووڵ




