٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

چالاکوانان بۆ KDP: بڕوامان وایە ھەنگاوەکانی پارتی قۆناخەکە دەگۆڕێت

سەرچاوە: KDP.info

ھەڵەبجە-KDP.info- چالاکوانانی کۆمەڵگای مەدەنی پێیان وایە، ھەڵوێستەکەی پارتی بۆ پاراستنی دامەزراوە شەرعییەکانە و کوردستانیان پشتیوانی دەکەن و پاداشتی ئەم حزبەشیان کردووەتەوە و ھەمیشە لە ترۆپکدا ھێشتوویانەتەوە ده‌شڵێن، ھەر ئەوەش وایکردووە کوردستانیان بەردەوام متمانەیان بە پارتی ھەبێت و کاتێکیش پارتی ھەڵوێستی لە پرسێکدا وەرگرتبێت پشتیوانی خۆیان بۆ دووپات کردووەتەوە".

حوسێن مام ئەنوەر، چالاکوانی مەدەنی لە گەرمیان، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: "پارتی لە ڕوانگەی بەرژەوەندیی حزبییەوە بڕوانێتە سیاسەتکردن و مامەڵەکردن لەگەڵ بەغداد ئەوا زۆر جیاوازتر لەو مامەڵەیەی ئێستا لە بەرامبەری دەکرێت کرانەوە و بەرژەوەندی ئەم حزبە زیاتر پارێزراوتر دەبێت و ڕۆڵ و پێگەی گەورەتری پێدەدرێت، ھەم لە بەغداد و ھەم لەلایەن وڵاتانی دەورووبەر تەنانەت لە سنووری ئەم قەوارەیەشدا چەندین لایەن دێنە ژێرباری سیاسەت و ستراتیژی پارتییەوە، بەڵام دونیا بینی و ڕوانینی پارتی لە بارەی سەربەخۆیی و ستراتیژی دوور مەودای ھەرێمی کوردستان و کورد بەگشتی ئەوە دەخوازێت کە پارتی قوربانیی بە بەرژەوەندیە حزبیەکانی خۆی بدات".

ناوبراو دەشڵێت: "ئامانجی پارتی دەریدەخات کە وەکو حزب ھەمیشە خۆی بە ئامرازێک بینیووە بۆ خزمەتی دۆزی ڕەوای کورد لەو پێناوەشدا لە چەندین وێستگەی مێژووییدا ئەم حزبە قوربانی بە خۆی و بەرژەوەندیەکانی داوە، لێرەدا دەکرێ بە خوێندنەوەیەکی سەرپێیی بۆ مێژووی ٣٣ ساڵەی ئەم قەوارەیە بە ئارگۆمێنت ئەوە بسەلمێنین کە لە کۆتایی وێستگەکاندا خەڵکی کوردستان پاداشتی ئەم حزبەیان کردووەتەوە و ھەمییشە لە ترۆپکدا ھێشتوویانەتەوە، ھیچ پشتیوانییەکیش ھێندەی پشتیوانی گەل بە بەھاوسەنگین نییە، گەل بە بوونی پارتی پشت ئەستورە".

تاڤان بارزان، چالاکوانی مەدەنی ھەڵەبجە، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: "پارتی ئەو ھێزە سیاسییە کە ھەنگاوەکانی بۆ بەرژەوەندی قەوارەی دەستووری کوردستانە، ئەو قەوارەیەی ٤٠ ملیۆن کورد ھیوایان لەسەری ھەڵچنیووە، لە قۆناخەکانی مێژووی بزافی ڕزگاری خوازی گەلی کوردستان، بەردەوام ھێزی خۆی لە گەلەکەیەوە وەری گرتووە بۆ پاراستنی مافەکانیان و وەرگرتنی مافی کوردستانیان بەکاری ھێناوەتەوە، ھەر ئەوەش وایکردووە گەلی کوردستانیان بەردەوام متمانەیان بە پارتی ھەبێت و کاتێکیش پارتی ھەڵوێستی لە پرسێکدا وەرگرتبێت پشتیوانی خۆیان بۆ دووپات کردووەتەوە".

تاڤان جەخت دەکاتەوە: "پارتی بەردەوام لە ھەڵوێست و بڕیارەکانی پێشوەختە دیراسەی تەواوی کردووە، بۆیە دەتوانین بڵێن پارتی کاتێک بڕیارێک دەدات دەبێت ھەمووان چاوەڕێ دەرئەنجامەکانی بین، دڵنیاشین لە دوایین ھەڵوێستی ئەو حزبە بەرامبەر بڕیارە سیاسییەکانی دادگای فیدڕاڵی دژ بە دامەزراوە شەرعییەکانی ھەرێمەکەمان، لەکاتی خۆیدابوو داواکاری گەلی کوردستان بوو بەرامبەر ئەو فشار و بڕیارە نا یاسایی و نا دەستووریەکانی  ئەو دادگایە بۆ لاوازکردنی قەوارەی دەستووری کوردستان دەری دەکردن".

خۆشناو لاوان، چالاکوانی مەدەنی لە راپەڕین، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: "ھەڵوێستەکانی پارتی ھەڵوێستی بونیاتنەری کوردستانن و بەرژەوەندیە حیزبیەکانی وەلاوە ناوە و بۆ مانەوەی قەوارەی دەستووری ھەرێمی کوردستان، ئەم پارتە حزبێکی بەتەواوەتی کوردستانیانە بیردەکاتەوە ھەموو باجێک دەدات بۆ پاراستنی دامەزراوە شەعییەکانی حکوومەت و پەرلەمان و سەرۆکایەتی ھەرێم و ئەنجوومەنی دادوەری، ھیچکات ئامادە نەبووە سازش بکات لەسەر دەسەڵاتەکانی ھەرێمەکەمان، ئەوەش وای کردووە گەل پشتیوانی ھەڵوێستەکانی پارتی بکەن پارتیش ھێزی بڕیارەکانی بە پشتیوانی جەماوەرەکەی دەدات".

خۆشناو گوتیشی: "بڕوامان وایە ھەنگاوەکانی پارتی لەبەرامبەر ئەو سیاسەتەی ئێستای دادگای فیدڕاڵی و کۆمەڵێک لە سەرانی عێراق، قۆناخەکە دەگۆڕێت و ئێمە بە گەشبینییەوە دەڕوانینە ھەڵوێستەکەی پارتی و بڕوامان وایە بەرھەمی باشی دەبێت و کوردستان لە ھەموو ڕوێکەوە بەرەو پێشەوە دەبات و شکست بە پلانەکانی نەیارانی گەل و حکوومەتەکەمان دەھێنێت، ھەمیشە لاوانی ئەم وڵاتە پشتیوانی لە پارتی و سیاسەتە نیشتیمانیەکانی دەکەن".

 

 عەزیز ڕەسووڵ 

هەواڵی پەیوەندیدار