وەحیدە یاقۆ: لە عێراق و ھەرێم تەنیا پارتی بەرگریی لە مافە دەستوورییەکانی پێکھاتەکان دەکات
_(2)__2024_03_26_h14m52s31__ER.jpg)
ھەولێر -KDP.info- ئەندامێکی خولی پێشووی پەرلەمانی کوردستان لە پێکھاتەی مەسیحی دەڵێت: لە ئاستی عێراق و ھەرێمی کوردستان تاکە لایەن پارتی دیموکراتی کوردستانە بەرگری لە مافە دەستووریەکانی ئێمە کردووە و لە ھەموو قۆناغەکان دا.
وەحیدە یاقۆ ھورمز، ئەندامی پێشووی پەرلەمانی کوردستان لە پێکھاتەی مەسیحی، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی: لە سەرەتای دامەزراندنی پارتی دیموکراتی کوردستان تا ئێستا ھەمیشە مافی پێکھاتەکان پارێزراو بووە، لەلایەن بارزانی نەمر و ئێستاش لە لایەن سەرۆک بارزانی بەردەوام داکۆکی لە مافی پێکھاتەکان دەکرێت، ئەمجارەش کە بڕیاردرا کورسی کۆتاکان نەمینێت لە پەرلەمانی کوردستان تەنیا پارتی لەسەر ئاستی عێراق و ھەرێمی کوردستان بەرگری لە پێکھاتەکان کرد و ئەو بڕیارەی ڕەتکردەوە، بۆیە پارتی دیموکراتی کوردستان تاکە حزبە بەرگری و داکۆکی لە مافی سەرجەم پێکھاتەکان دەکات بەبێ جیاوازی، ھەر ئەمەش وای کردووە ھەرێمی کوردستان شوێنی پێکەوەژیانی ھەموو پێکھاتەکان بێت و لەسەر ئاستی جیھانیش شانازی پێوە دەکرێت.
وەحیدە یاقۆ ھورمز گوتیشی: بەپێی دەستووری عێراق مافی ھەموو پێکھاتەکانە بەشداری لە ھەڵبژاردنەکان بکەن، ئێستا لە عێراق ھەیە و لە ھەرێمی کوردستانیش ھەڵیانوەشاندەوە، ئەوەش مەرامی سیاسی لەپشتەوەیە و بۆ تێکدانی پێکەوەژیانە لە ھەرێمی کوردستان، چونکە ئەو دادگایەی بڕیاری داوە خۆی نادەستورییە و بڕیارەکانیشی نادەستورین و لای ئێمە بە ھیچ شێوەیەک قبوڵکراو نییە و بڕیارەکانی مەترسیی گەورەن، بۆیە بە ھەموو شێوەیەک بڕیارەکانی بەناو دادگای فیدراڵی ڕەتدەکەینەوە.
ھورمز باسی لەوەش کرد: ھەڵوێستی ئەم دواییەی پارتی لە بەیاننامەکەیدا زیاتر پشتگیری لە پێکھاتەکان کرد و وای کرد پێکھاتەکان پشتیان زیاتر بە پارتیی قایم بێت چونکە بەردەوام دەبێت لە پشتگیریکردن و داکۆکیکردن لە مافی ھەموو پێکھاتەکان، چونکە ئەوەی خۆی لە پێکھاتەکان دەکاتە خاوەن تەنیا پارتییە، ھەر بۆیە ئەو ھەڵوێستەی پارتی جێگەی دڵخۆشی ھەموو پێکھاتەکانە.
بڵند ئیبراھیم




