بابەکر زێباری بۆ KDP: داعش ماوه و بەردەوامیش مەشق و ڕاھێنان دەکەن

ھەولێر-KDP.info- ڕاوێژکاری سەربازی سەرۆکی ھەرێمی کوردستان گوتی، تاوەکو ئێستا داعش ھەر ماوە و بەردەوام کردەوە لە عێراق و سوریاش ئەنجام دەدەن و عێراقیش لەجیاتی ئەوەی ڕووبەڕووی داعش ببێتەوە ھاتوون داوای دەرکردنی ھێزی ئەمەریکا دەکەن، کە عێراق پێویستی بەھێزی ئەمەریکا ھەیە.
بابەکر زێباری، ڕاوێژکاری سەربازی سەرۆکی ھەرێمی کوردستان، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی: "ڕاستە کاتی خۆی سەرکەوتن بەسەر داعش ڕاگەیەندرا و پێگەکانی داعش بەئاشکرا نەمان، بەڵام بەنھێنی و لە شوێنی دیکە ھەر ماون و بەردەوام مەشق و ڕاھێنان دەکەن و لەپەیوەندیەکانیان بەردەوامن و کردەوە ئەنجام دەدەن، ھەروەھا بینیمان ھەر دوێنێ لە سووریا چەند کەسیان لە سوپای ئەو وڵاتە کوشتن کاتێک خەڵکی مەدەنی چوبوون بۆ دۆمبەلان تەقینەوەیەک دروست بوو کاتێک سوپا لەھاواریان چوون ئەوانیشیان کوشتن، بۆیە کردەوەکانی داعش تائێستاش لە سوریا و لە عێراق بەردەوامی ھەیە، کە ھەردوو وڵات ھاوسنوورن و سنوورەکانیش کراوەن، بۆیە بەئاسانی دەتوانن ھاتووچۆ بکەن".
بابەکر زێباری گوتیشی: "ئەوەی باشە ھەرێمی کوردستان ھێڵێکی بەرگری باشی دروست کردووە و ڕێگە بەھاتنی داعش نادات و ئەگەر دوو لیوای ھاوبەش بۆ ناوچە بۆشاییەکانی نێوان سوپا و پێشمەرگە دەست بەکاربن ئەوکات ھەنگاوێکی زۆر گرنگ دەبێت بۆ بەرگریکردن، بەڵام بەداخەوە عێراق وەکو پێوست خۆی بۆ داعش ئامادە نەکردووە و حیسابی جدیان بۆ ناکات و ئەوان ھەر خەریکی دەرکرنی ھێزەکانی ئەمەریکان بەبێ دیراسەکردن، بۆیە پێویستە خۆیان ئامادەبکەن و بەھیچ شێوەیەک پەلە لە دەرکردنی ھێزەکانی ئەمەریکا نەکەن، چونکە چوونی ئەمەریکا لەم قۆناغە زیانی زۆر بەعێراق دەگەیەنێت".
زێباری باسی لەوەشکرد: "ئەمەریکا بەردەوام دووپات دەکاتەوە بەردەوام دەبن لەپشتگیریکردنی عێراق و ھەرێمی کوردستانیش، بەڵام پێشمەرگە بۆ ئەوەی بتوانێت زیاتر بەرگری لە خۆی بکات پێویستی بە چەکی بەرگریکردن لەخۆی ھەیە، چونکە ئێمە چەکی ھێرشکردنمان ناوێت و داواکارین چەکی بەرگریکردن لەلایەن ھاوپەیمانان بۆ ھێزی پێشمەرگە دابین بکرێت، کە چەکی پێشکەوتوو بێت".
ناوبراو دەشڵێت: "پێویستە پەلە بکرێت لە دەستبەکاربوونی دوو لیوای ھاوبەشی پێشمەرگە و سوپای عێراق بۆ ئەوەی ئەو ناوچانەی بۆشایی ھەیە بڵاوەیان پێ بکرێت و ڕێگە نەدرێت داعش بتوانێت لەو ناوچانە کردەوە ئەنجامبدات، چونکە دەستبەکاربوونی ئەو دوو لیوایە دواکەوت و پێویستە چیتر دوانەخرێت و دەستبەکاربن".
بڵند ئیبراھیم




