فوئاد حوسێن: ئەوەی لە سوودانی تێگەیشتووم مووچەی مانگی ئاداریش دەنێرێت

ئەمەریکا-KDP.info- فوئاد حوسێن وەزیری دەرەوەی عێراق لە واشنتۆن ڕایگەیاند، لە سەردانی سوودانی بۆ ئەمەریکا پرسی هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێمی کوردستان ڕەنگە تەوەرێکی گفتوگۆکان بێت، گوتیشی، ئەوەی لە سوودانی تێگەیشتووم مووچەی مانگی ئاداریش دەنێرێت.
فوئاد حوسێن، وەزیری دەرەوەی عێراق لە کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەوانیدا لەبارەی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند، لەسەر پرسی مووچە کارکراوە، هەرچەندە تاوەکو ئێستا گرفتەکان چارە نەکراون، بەڵام پێشبینی دەکرێت لەم چەند ڕۆژەی چارەسەر بکرێن، ناوبراو گوتیشی، ئەوەی من لە محەممەد شیاع سوودانی تێگەیشتووم، هیچ گرفتێک نییە و مووچەی مانگی ئاداریش دەنێردرێت.
سەبارەت بەبابەتی پڕۆژەی هەژماری من، فوئاد حوسێن گوتی، ئێستا شاندێکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە بەغدان و لەسەر ئەم پڕۆژەیە لەگەڵ حکوومەتی عێراق دانووستان دەکەن، هەرچەندە زانیاریم لە ڕەوتی دانووستانەکان نییە، بەڵام پێویستە حکوومەتی عێراق و حکوومەتی هەرێمی کوردستان لەسەر ئەم بابەت و پرسەکانی دیکەش بگەنە ڕێککەوتن.
هەروەها دەربارەی سەردانی ئەمجارەی شاندی باڵای حکوومەتی عێراق بە سەرۆکایەتی سوودانی بۆ واشنتۆن، وەزیری دەرەوەی عێراق گوتی: شاندەکە ئەندامانی کوردیشی تێدا دەبێت و ناوەڕۆکی گفتۆگۆکانیش لە سەردانەکانی پێشتر جیاوازترە و چەند پرسێکی دیکە هەن بۆ باسکردن، بەڵام ئەو پرسانەی پەیوەندییان بە بانک و دۆلار و دینارەوە هەیە هەر باس دەکرێنەوە.
گوتیشی: بەدڵنیاییەوە پرسی هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێمی کوردستان لەگەڵ سەرۆکوەزیرانی عێراق باس دەکرێت، بەو پێیەی چەند کۆمپانیایەکی بەرهەمهێنەری نەوت ئەمەریکی هەن، کە بێگومان ئەوانیش گرفتەکانی خۆیان لەگەڵ کۆنگرێس و ئیدارەی ئەمەریکا باس کردووە.




