جێگری پارێزگار: حکوومەت ھاوکاری دیکەی بۆ بازاڕی لەنگە ڕاگەیاند

ھەولێر _KDP.info_ جێگری پارێزگاری ھەولێر ئاماژەی بۆ ئەوە کرد، لەسەر بودجەی پارێزگای ھەولێر ئاو و کارەبا و سەقفی بازاڕی لەنگەی شاری ھەولێر نوژەن دەکرێتەوە، دەشڵێ: لەرێگەی بەڵێندەرەوە پڕۆژەکە لەژێر جێبەجێکردنە.
مەسعود کاڕەش، جێگری پارێزگاری ھەولێر بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: دوای ڕووداوی سووتانی بەشێک لە بازاڕی لەنگەی ھەولێر، لیژنەیەکی ھاوبەش لە نێوان پارێزگا و شارەوانی ھەولێر و بەڕێوەبەرایەتییەکانی ئاو و ئاکارەبا پێکهات و دەرخستەیان بۆ زیانەکانی پڕۆژەکە کرد، دواتر پارەی پێویست بۆ نوژەنکردنەوەی بازاڕی لەنگە خەرج کرا و لە ڕێگەی بەڵێندەرەوە پڕۆژەکە جێبەجێ دەکرێت.
جێگری پارێزگاری ھەولێر گوتیشی: ئەوەی لەسەر ئێمەیە وەک پارێزگا چاکردنەوەی ئاو و کارەبا و جەمەلۆنی بازاڕەکەیە لەڕێگەی بەڵێندەرەوە، وەکو حکوومەت ھەموویمان لە ئەستۆ گرتووە ئێستا لە قۆناغی کۆتایینە، ئەوەی زیانی بەرکەتووە ھەمووی نوژەن دەکرێتەوە.
مەسعود کاڕەش ئاماژەی بۆ ئەوە کرد: ئەوەی لە توانای ئێمەدابێت وەک دیوانی پارێزگای ھەولێر درێغی ناکەین، ڕۆژانە تیمەکانی فەرمانگەکانی حکوومەت خەریکی چاککردنەوەی خزمەتگوزاری دووکانە سووتاوەکانی بازاڕی لەنگەی ھەولێرن، لە ئایندەیەکی نزیکدا نوژەنکردنەوەی سیستەمی ئاو و کارەبا و سەقفی بازاڕەکە بە تەواوەتی کۆتایی دێت.
قائید میرۆ




