٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

پارتی چاکسازی تورکمان: بڕیارەکانی دادگای فیدڕاڵی نا یاسایی و سیاسین

سەرچاوە: KDP.info

ھەولێر-KDP.info- پارتی چاکسازی تورکمان ڕاگەیاندراوێکی دژی بڕیارەکانی ‎دادگای فیدڕاڵی عێراق بڵاوکردەوە و دەڵێن، بڕیارەکانی نایاسایی و سیاسین.


دەقی ڕاگەیاندراوەکەی پارتی چاکسازی تورکمان…

پارتی چاکسازی تورکمان ‎لە سۆنگەی ھەستکردن بەبەرپرسیارێتی مێژوویی و یاسایی ‎بەرامبەر بە بڕیارەکانی دادگای فیدڕاڵی عێراق بڕیاریکی سیاسی و نادەستوورییە ھەوڵێکە بو لاوازکردنی قەوارەی سیاسی ھەرێمی کوردستان، کە سەرەتایەکە بۆ ڕەتکردنەوەی یاساکانی ھەرێمی کوردستان کە خۆی خستۆتە شوێنی دەسەڵاتی یاسادانان‎ و پابەند نەبوونی دادگای ئیتیحادی باڵا بە عەریزەی دەعوای داواکاری سەرۆکی فراکسیۆنی یەکێتی نیشتمانی کوردستان، بەجۆرێک داواکاری دەعوای ژمارە (83)ی ئاماژەپێکراو، داوای ھەڵوەشاندنەوەی یازدە کورسییەکەی (کورسییەکانی کۆتا)ی نەکردووە، بەڵکو داوای دووبارە دابەشکردنەوەی کورسییەکانی پەرلەمانی کوردستانی کردووە بەسەر پارێزگاکانی ھەرێم بەگوێرەی پێوەری ژمارەی دانیشتووان، کەچی دادگای ئیتیحادی باڵا لە بەندی (یەکەم)ی حوکمەکەیدا بڕیاریداوە بە نادەستووری بوونی دەستەواژەی (یازدە) لە ماددەی یەکەمی یاسای ھەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستانی ھەموارکراو، واتە کورسی پەرلەمانی لە (١٠٠) کورسی پەرلەمان پێک دێت، ئەمەش داواکار لە عەریزەی دەعواکەی داوای نەکردبوو، بەم پێیەش ئەمە دەبێتە پێشێلکردنێکی ڕوونی ئەو بنەمایەی لە یاساو لە دادگەرییدا چەسپاوە کە دەڵێت: دەعوا لە چوارچێوەی عەریزەکەیدا سنووردارە، و نابێت حوکم بکرێت بە زیاتر لەوەی داواکار داوای دەکات، ئەم جۆرە بڕیارە کاریگەری لەسەر دۆخی پێکھاتەکان دروستکردوە، چونکە نەھێشتنی کورسی کۆتای پێکھاتەکان لە پەرلەمانی کوردستان، ناکۆکە لەگەڵ ئەوەی لە یاسای ھەڵبژاردنی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراقی فیدڕاڵی و ئەنجوومەنی پارێزگاکاندا ھاتووە بەتەرخانکردنی کورسی بۆ پێکھاتەکان، ھەروەھا ناکۆکە لەگەڵ ماددەکانی (٤٩/ بڕگەی یەکەم) و (125)ی دەستوور، ھەروەھا بەشێوەیەکی ئاشکرا پێشێلی مافی پێکھاتەکان کراوە، ئێمە پێمان وایە بەو بڕیارانە کەلتووری پێکەوەژیان و قووڵبوونەوەی گیانی یەکتر قەبووڵکردن و خۆشەویستی نێوان پێکھاتەکان لە ھەرێمی کوردستان بەرەو لاوازی دەبات، لە ڕێگەی ئەم بەیاننامەوەش داواکارین لە سەرجەم حزب و لایەنە سیاسیەکان وەک ھەمیشە داکۆکیکاری پاراستنی مافی پێکھاتەکان بن و رێگە نەدەن کە پێکھاتە نەتەوەییەکان لە ھەرێمی کوردستان پەراوێز بخرێن و ھەوڵ بۆ دوورکەوتنەوەیان لە بەشداری سیاسی و کۆی کایەی حکومڕانیدا.

پارتی چاکسازی تورکمان

هەواڵی پەیوەندیدار