شاندێکی مەکتەبی پەیوەندییەکان سەردانی کۆنسووڵخانەی ڕووسیای کرد

هەولێر-KDP.info- ئەمڕۆ دووشەممە، شاندێکی مەکتەبی پەیوەندییەکانی دەرەوەی پارتی دیموکراتی کوردستان بە سەرۆکایەتیی هوشیار سیوەیلی، بەرپرسی مەکتەبی پەیوەندییەکانی دەرەوە، سەردانی کۆنسووڵخانەی گشتیی ڕووسیای فیدراڵی کرد بۆ دەربڕینی پرسە و ماتەمینی بۆ قوربانیانی هێرشە تیرۆریستییەکەی شارێکی نزیک مۆسکۆی پایتەختی ڕووسیای فیدراڵ.
هوشیار سیوەیلی، بە ناوی سەرکردایەتیی پارتی دیموکراتی کوردستانەوە هاوخەمیی گەیاند و سەرکۆنەی ئەو کارە نامرۆڤانەیەی کرد و ڕایگەیاند، ئەم جۆرە هێرشانە دەرخەری ئەو ڕاستییەیە، کە هەماهەنگیی زیاتر پێویستە بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی تیرۆریستان.
بەرپرسی مەکتەبی پەیوەندییەکان، لە دەفتەری پرسەکەدا نووسی: بەناوی سەرکردایەتیی پارتی دیموکراتی کوردستانەوە، سەرەخۆشیی خۆمان ئاراستەی بنەماڵە و کەسوکاری قوربانیانی ئەو هێرشە تێرۆریستییە دەکەین و هیوا زوو چاکبوونەوە بۆ بریندارەکان دەخوازین.
سیوەیلی، دووپاتی سیاسەت و هەڵوێستی جەنابی سەرۆک بارزانی و پارتی کردەوە و ڕایگەیاند، کە تیرۆریزم نە سنووری هەیە و نە ئایین و نە نەتەوە.
ڕوونیشی کردەوە، تیرۆریستان هەمیشە بە دوای دەرفەتێکدا دەگەڕێن بۆ هێرشکردنە سەر خەڵکی بێتاوان و تێکدانی ئارامی و ئاسایش، ئێمەش قوربانیی زۆرمان داوە بەدەستی تیرۆریستان. خۆمان بە هاوبەشی خەمتان دەزانین و لەم بۆنە خەمناکەدا لەگەڵ گەل و حکوومەتی رووسیای فیدراڵدا دەوەستین و جەخت لە پاڵپشتی و بەردەوامیی هەماهەنگی دەکەینەوە بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی تیرۆر.




