لوقمان حوسێن: پۆستی پارێزگاری کەرکووک بووەتە بەربەست
__2024_03_25_h15m31s56__ER.jpg)
کەرکووک_KDP.info_ بەرپرسی بەشی ڕێکخستن لە مەکتەبی ڕێکسختنی پارتی دیموکراتی کوردستان لە(کەرکووک _ گەرمیان) گوتی: گفتوگۆی نێوان لایەنەکان بۆ گەیشتنە ڕێککەوتن لەبارەی کەرکووک بەردەوامە، بەڵام پۆستی پارێزگار بۆتە بەربەست لە گەیشتنیان بە ڕێککەوتن.
لوقمان حوسێن، بەرپرسی بەشی ڕێکخستن لە مەکتەبی ڕێکخستنی پارتی دیموکراتی کوردستان لە (کەرکووک _ گەرمیان)، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی: ماوەیەکی زۆرە ھێشتا لایەنەکان لەسەر پۆستی پارێزگاری کەرکووک ڕێکنەکەوتوون، دوو جار لەگەڵ سەرۆک وەزیرانی عێراق کۆبوونەوە ئەنجامدراوە و ھەموو لایەنەکان داوای پۆستی پارێزگار دەکەن لەبەر ئەوە کێشە دروست بووە، ئێمە وەکو پارتی دیموکراتی کوردستان ھەوڵ دەدەین ئەو پۆستە بۆ کوردێکی بێلایەن بێت و ھیچ پێکھاتەیەکی دیکە ئەو پۆستە لەم قۆناغە وەرگرێت، بۆیە تا ئێستا لێک نزیکبوونەوە نییە بۆ ئەوەی ئەو پۆستە یەکلایی بکرێتەوە، چونکە پێشنیارێک ھەبوو پۆستی پارێزگار دوو ساڵ بە دوو ساڵ بۆ کورد و عەرەب بێت .. سەرکەوتوو نەبوو، دواتر پێشنیار کرا بکرێتە دەوری ساڵونیو بە ساڵونیو بۆ ھەر سێ پێکھاتە، ئەگەر وا بڕوات ئەنجوومەنی پارێزگا نامینێت و ھەڵدەوەشێتەوە، ئەو کات سەرۆک وەزیران کەسێک بە تەوافق بۆ سەرپەرشتی کردنی پارێزگا دیاری دەکات، بۆیە ھەوڵەکان بەردەوامن بۆ ئەوەی بگەنە ڕێککەوتن.
لوقمان حوسێن گوتیشی: ئێمە وەکو پارتی لەسەر ئاستی باڵا لە گفتوگۆ داین و دەمانەوێت پۆستەکان سەرجەمیان دابەش بکرێنەوە، ئەوەی ئێستا ھەیە پۆستی پارێزگار بەربەستە بۆ گەییستنە ڕێککەوتن، بۆیە گفتوگۆ بەردەوام دەبێت تاوەکو بگەنە تەوافق، ئێمە لەگەڵ ئەوە داین پارێزگار کورد بێت و دواتریش بەپێی ئیستحقاق و قەبارەی خۆمان پۆست وەرگرین، چونکە لە کەرکووک پۆستەکان لە کورد وەرگیراونەتەووە، ئەگەر دۆخەکە بەو شێوەیە بەردەوام بێت ئەوە لەبەرژوەندی عەرەبدایە.
بڵند ئیبراھیم




