وەزارەتی کشتوکاڵ بۆ KDP: ئەمساڵ کشتوکاڵ بەرھەمدار دەبێت

ھەولێر-KDP.info- بریکاری وەزارەتی کشتوکاڵی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان رایگەیاند، ئەمساڵ بەرھەمی گەنم بەھۆی بارانبارینەوە زۆر باشە و بەپێی ئەو ڕووپێوەی کراوە، ٢ ملیۆن و ٧٠٠ هەزار تۆن گەنم چێندراوە و لەگەڵ حکوومەتی عێراق لەسەر هێڵین بۆ ئەوەی ئەمساڵ زۆرترین رێژەی گەنم لە ھەرێمی کوردستان وەربگرن.
کەریم سلێمان، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی: "بە شێوەیەکی گشتی کشتوکاڵ پێویستی بە ئاو ھەیە و بە بێ ئاو نابێت، گومانیشی تێدا نییە چەند باران ببارێت، بۆ کشتوکاڵ باشە و تا ئێستا ھیچ کاریگەرییەکی خراپی نەبووە لەسەر بەرھەمی کشتوکاڵ، بە تایبەت بەرھەمی گەنم و ئاویش بۆ ئێمە زۆر گرنگە، کە بەهۆی بارانەوە ئاوی ژێر زەوی بەرز دەبێتەوە و بەنداوەکان و پۆندەکانیش پڕئاو بوون و ڕەنگە لە ھەندێک لایەن باران وەکو لافاو کاریگەری ھەبێت، بەڵام بۆ ئێمە بە گشتی بارانبارین زۆر باشە و ئەمساڵیش کشتوکاڵ بەرھەمدار دەبێت".
سلێمان گوتیشی: "ئێمە لە سەرەتای چاندنی گەنمدا کار دەکەین لەگەڵ وەزارەتی کشتوکاڵ و بازرگانیی عێراق و لە رێگەی نوێنەرایەتیی حکوومەتی ھەرێمی کوردستانیشەوە لەسەر چەند بابەتێکی پەیوەست بە کشتوکاڵ لەسەر هێڵین، بۆیە نرخی گەنم بۆ ئەمساڵیش جێگیر کرا، کە نرخی ھەر تۆنێک ٨٥٠ ھەزار دینار دەبێت و عێراق بە گشتی ئەمساڵ ٦ ملیۆن تۆن لە جووتیاران وەردەگرێت، بەڵام کێشەی ئێمە لە ھەرێم ئەوەیە، گەنمی ئێمە ھەمووی وەرناگرن و پارساڵ تەنھا ٥٠٠ ھەزار تۆن وەرگیرا و ئێستا لەسەر هێڵین بۆ ئەوەی زیاد بکرێت و ھەوڵی جیددی دەدەین رێژەکە زیاد بکرێت".
ناوبراو باسی لەوەش کرد: "ئەمساڵ ویستمان بە بەڵگەوە کاتێک لەگەڵ عێراق گفتوگۆ دەکەین بزانین چەند گەنممان ھەیە و چەندی چێندراوە و بە شێوەیەکی ئەکادیمی و زانستی ھەندێک مامۆستای زانکۆی سەڵاحەدین ڕووپێوێکیان کردووە بۆ ھەموو زەویی ھەرێمی کوردستان، دیار بوو ئەمساڵ نزیکەی ٢ ملیۆن و ٧٠٠ ھەزار دۆنم زەوی بە گەنم چێندراوە بەھۆی ئەوەی باران باش بوو، بۆیە رێژەیەکی زۆر چێندراوە و ئەگەر بەرهەمی ھەر دۆنمێک تۆنێک بێت، بەرھەم دەبێتە دوو ملیۆن و ٧٠٠ هەزار تۆن گەنم، بەڵام ئەستەمە ئەو ژمارەیە لە ئێمە وەرگرن و گەنمی زۆرمان دەبێت، بۆیە ھەوڵی جیددی دەدەین زۆرترین گەنم لە ئێمە وەربگرن".
بڵند ئیبراھیم




