٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

پارتی بونیادی دیموکراتی: بڕیارەکانی دادگای فیدراڵی سیاسین و لێدانن له‌ پێگه‌ی هه‌رێمی كوردستان

سەرچاوە: KDP.info

هەولێر-KDP.info- گوته‌بێژی پارتی بونیادی دیموکراتی کوردستان، ئاماژه‌ به‌وه‌ ده‌كات كه‌ دادگای فیدراڵی لە زۆربەی بڕیارەکانیدا دەسەڵاتەکانی خۆی پێشێل کردووە. ده‌شڵێت: "بڕیارەکانی دادگای فیدراڵی ئەجێندای سیاسییان لە پشتە، چ لە ناوخۆ و چ سیاسەتی دەوڵەتانی ئیقلیمی".

سامی سورچی، گوته‌بێژی پارتی بونیادی دیموکراتی کوردستان، بۆ ماڵپه‌ڕی فه‌رمی پارتی دیموكراتی كوردستان، رایگه‌یاند: "بڕیارەکانی دادگای فیدراڵی سیاسین و لێدانن له‌ پێگه‌ی هه‌رێمی كوردستان، بۆ نموونە: لابردنی کورسیی پێکهاتەکان و پەراوێزخستنیان لە پرۆسەی سیاسی و لێسەندنەوەی مافی پێکهاتەکان، کە دژی ماددەی (٤٩)ی دەستوورە و لە هەمان کاتدا، جیاوازیکردنە لە مافی پێکهاتەکان لە نێوان هەرێمی کوردستان و عێراقدا، هەروەک لە بڕیاری تایبەت بە یاسای هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستاندا، دەستی بردووە بۆ هەڵوەشاندنەوەی ماددەی (٥٦ ،٥٨)ی یاساکە، کە تایبەتە بە دەسەڵاتی پەرلەمانی کوردستان لە پرسە چارەنووسسازەکاندا و بە هیچ شێوەیەکیش تانە لەو بڕگانە نەدرابوو".

راشیگه‌یاند: "ئه‌ركی دادگای فیدراڵی، چاودێریکردنی دەستووریبوونی یاساکان و ڕاڤەکردنی دەقە دەستوورییەکانە، بەڵام دادگای فیدراڵی لە زۆربەی بڕیارەکانیدا دەسەڵاتەکانی خۆی پێشێل کردووە، بۆ نموونە، لە بڕیاری تایبەت بە یاسای هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان، جگە لەوەی هیچ بەڵگەیەکی نەخستووەتە ڕوو، کە ئەو بڕگانەی هەمواری کردوونەتەوە پێچەوانەی چ دەقێکی دەستوورین".

ناوبراو ده‌شڵێت: "ئەم دادگایە پەیڕەوێکی ناوخۆی بۆ خۆی داناوە، کە کارەساتی گەورەی یاسایی و سەقامگیریی سیاسیی لێ کەوتووەتەوە و دەکەوێتەوە، چونکە پەیڕەوە ناوخۆییەکەی سەرپێچیی دەستوور و تەنانەت خودی یاساکەیانە و هەروەها سەرپێچیی یاسای دادبینیی شارستانیی عێراقیشە، ئه‌مه‌ش وای كردووه‌ كه‌ تێكه‌ڵاوی له ‌ده‌سه‌ڵاته‌كان دروست بێت، لە هەر كات و بوارێكیشدا بۆی ڕەخسابێت لە میانەی بڕیارەكانیەوە گورزی لە پێگەی دەستووریی هەرێمی كوردستان داوە. بە جۆرێك لە 3 ساڵی ڕابردوودا 11 بڕیاری دژی هەرێمی كوردستان دەركردووە، دادگای فیدراڵی بوه‌ته‌ چه‌كێكی سیاسی بۆ لێدان له‌ پێگه‌ی كوردستان، بۆیە لەگەڵ ئەو ١٤٣ هێرش و پەلامارە درۆنی و مووشەکییانەی کە لە ماوەی ٣ ساڵی رابردوودا بۆ سەر هەولێری پایتەختی هەرێمی کوردستان کراون و هاوشانی ئەو گوشارە ئابووری و سیاسەتی برسیكردنەی كە دەرهەق بە هاووڵاتیانی هەرێمی كوردستان پەیڕەو دەكرێت، دادگای فیدڕاڵییش كراوەتە چەكێكی كاریگەر لە ململانێ سیاسییەكاندا كە ئامانجە گەورەكەی بچووككردنەوە، یان جێبەجێكردنی خەونی نەهێشتنی قەوارەی دەستووریی هەرێمی كوردستانە".

 

کارزان سەباح هەورامی

 

هەواڵی پەیوەندیدار