شێخۆ بۆ KDP: زیانلێکەوتووانی لافاوەکە ھەموویان قەرەبوو دەکرێنەوە

زاخۆ-KDP.info- سەرپەرشتیاری ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ دهڵێ، ھەموو ئەو ماڵانەی بەھۆی لافاوی چەند رۆژی رابردوو زیانیان پێ گەیشتبوو، قەرەبوو کراونەتەوە دەشڵێ، پێش ھاتنی جەژن شوێنە بازرگانییەکان و دووکان و شوێنەکانی دیکەش قەرەبوو دەکرێنەوە.
گوھدار شێخۆ، سەرپەرشتیاری ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی راگەیاند، ئەوانەی چەند رۆژی رابردوو قەرەبوو کراونەتەوە، تەنیا خاوەن ماڵەکانن، شوێنە بازرگانییەکان و دووکان و ھەندێ شوێنی دیکە ماون بۆ قەرەبووکردنەوە، لەسەر راسپاردەی سەرۆک بارزانی و سەرۆکی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان، فەرماندە مەنسوور بارزانی سەردانی ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆی کرد و بڕیارە ئەوانەی ماون قەرەبوو بکرێنەوە.
سەرپەرشتیاری ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ دەشڵێت: "مەگەر لە شوێنێک تاک تاک خێزان مابێت قەرەبوو نەکرابێتەوە، ئەوانەی بەھۆی لافاوی هەفتەی رابردوو زیانیان بەرکەوتووە، بەڵام شوێنە بارزگانییەکان پێش جەژنی رەمەزان قەرەبوو دەکرێنەوە، موژدە بە زیانلێکەوتووانی لافاوەکەی زاخۆ دەدەین ھەموویان قەرەبوو دەکرێنەوە".
شێخۆ ئاماژەی بۆ ئەوەش کرد: "لیژنەکانمان سەردانی ھەموو ئەو شوێنانە دەکەن کە بەر لافاو کەوتوون، بۆ ئەوەی خەمڵاندنیان بۆ بکرێت و دواتر قۆناغی قەرەبووکردنەوە دەست پێدەکات".
هەفتەی رابردوو بەھۆی شەپۆلێکی بارانبارینی بەخوڕ، لافاو لە شاری زاخۆ دروست بوو و بەپێی ئامارە سەرەتاییەکان، ٤١٠ خانوو و ١٣٠ دووکان و شوێنی بازرگانی و ٢٥ ئۆتۆمبێل زیانیان بەرکەوتووە و دەستبەجێ لەسەر راسپاردەی سەرۆک بارزانی پرۆسەی قەرەبووکردنەوەی زیانلێکەوتووان دەستی پێکرد.
قائید میرۆ




