ئومێد خۆشناو بۆ KDP: لە کرێی یەک ساڵی دووکانە سووتاوەکانی لەنگە خۆشبووین

ھەولێر-KDP.info- پارێزگاری ھەولێر ئاماژەی بۆ ئەوە کرد، بڕیاری لێخۆشبوونی کرێی یەک ساڵی دووکانەکانی بازاڕی لەنگەی شاری ھەولێر تەنیا ئەو دووکانانە دەگرێتەوە کە لە ڕووداوی ئاگر کەوتنەوەکە سووتاون، دەشڵێ: لە کرێی شەش مانگی زبڵ و خاشاکیش خۆشبووین.
ئومێد خۆشناو، پارێزگاری ھەولێر بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: وەک ھاوکاری بۆ زیان لێکەوتوانی ئاگرەکەی بازاڕی لەنگەی شاری ھەولێر حکوومەت لە کرێی یەک ساڵی دووکاندارەکانی بازاڕەکە خۆشبووە لەگەڵ کرێی شەش مانگی زبڵ و خاشاک، بڕیارەکەش تەنیا ئەو دووکانانە دەگرێتەوە کە لە ڕووداوی ئاگرتنەوەدا زیانیان پێگەیشتووە و سووتاون، ئەوانەی بەر ڕووداوەکە نەکەوتوون بڕیارەکە نایانگرێتەوە.
ئومێد خۆشناو گوتیشی: شێوەی لێخۆشبوونی ئەو دووکانانە بەو شێوەیە دەبێت، ئەوانەی کرێچی شارەوانین حکوومەت بە پێی بڕیارێک لە کرێی یەک ساڵی خۆی خۆشدەبێت و کرێیان لێ وەر ناگرێت، بەڵام ئەوانەی کرێچی خەڵکن ئەوە بڕیارەکە لەدەست ئێمەدا نییە و حکوومەت تەنیا لە کرێی خۆی خۆشدەبێت کە ژمارەیان ١٦٦ دووکانە.
قائید میرۆ




