لە دھۆک ناوچەیەکی پیشەسازی تایبەت بە بەرھەمی ناوخۆ دروست دەکرێت

دھۆک_KDP.info_ بەڕێوەبەری وەبەرھێنانی دھۆک گوتی: لە پاێزگای دھۆک ناوچەی پیشەسازی خۆراک تەواو بووە لەسەر ڕووبەری ھەزار دۆنم زەوی، ٣٠٠ کارگە و ٢٠٠ ساردکەرەوەی لێ دروست دەکرێت، بڕیارە ناوچەیەکی دیکەی پیشەسازی تایبەت بە بەرھەمی ناوخۆ شدروست بکرێت، ئەویش ٣٠٠ بۆ ٤٠٠ کارگەی لەسەر دروست دەکرێت.
دکتۆر ھەڤال سدیق، بەڕێوەبەری وەبەرھێنانی دھۆک، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی: لە پارێزگای دھۆک ناوچەیەکی پیشەسازی لەسەر هەزار دۆنم زەوی دروست کراوە و کۆتایی بەکارەکانی ھاتووە، تەواوی خزمەتگوزاریشی بۆ دابین کراوە و ئێستا ئامادەیە بۆ ئەوەی وەبەرھێنەران بێن تا مۆڵەتیان پێبدەین کارگەی لێ دروست بکەن کە شوێنی دروستکردنی ٣٠٠ کارگەی تێدا دەبێتەوە و تایبەتە بە پیشەسازی خۆراک و ٢٠٠ کۆگای ساردکەرەوەشی لێ دروست دەکرێت.
دکتۆر ھەڤال سدیق گوتیشی، ناوچەیەکی دیکەی پیشەسازی لە سنووری ھەرسێ قەزای ئاکرێ و بەردەڕەش و شێخان دروست دەکرێت، ئەویشیان تایبەت دەبێت بە ساخکردنەوەی بەرھەمی ناوخۆ، ئێستا پڕۆژەکە لە ئەنجوومەنی وەزیرانە و چاوەڕێ دەکرێت ڕەزامەندی لەسەر تەرخانکردنی زەویەکە بدرێت و دەست بە دروستکردنی بکرێت، چاوەڕێ دەکرێت زیاتر لە ٣٠٠ بۆ ٤٠٠ کارگەش لەوێ دروست بکرێت.
دەشڵێت: حکوومەتی ھەرێمی کوردستان گرنگی زۆر بە کەرتی پیشەسازی دەدات بۆ ئەوەی ھەم بەرھەمی ناوخۆ زیاد بێت و ساخ ببێتەوە، ھەم ھەلی کار بۆ خەڵک بڕەخسێت.
بڵند ئیبراھیم




