قایمقامی سێمێل: سەرجەم زیانلێکەوتووانی لافاو قەرەبوو کرانەوە

دهۆک-KDP.info- قایمقامی قەزای سێمێل ئاماژەی بۆ ئەوە کرد، ھەموو ئەو ماڵانەی بەھۆی لافاوەوە زیانیان پێگەیشتبوو، لەسەر ڕاسپاردەی سەرۆک بارزانی قەرەبوو کراونەتەوە، دەشڵێ: سێمێل و ناحیەکانی لە پاشماوەکانی لافاو پاک دەکرێنەوە.
خەلیل مەحموود، قایمقامی قەزای سێمێل، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: بەھۆی لافاوی چەند ڕۆژی ڕابردوو، لە سنووری قەزای سێمێل و ناحیەکانی، ١٢٦ ماڵ زیانیان پێگەیشتبوو، دوای خەمڵاندنی زیانەکان، لەسەر ڕاسپاردەی سەرۆک بارزانی ھەموو ئەو خێزانانەی زیانیان پێگەیشتبوو قەرەبوو کرانەوە، ئەو شوێنانەی بەر لافاو کەوتوون لە سەنتەری قەزای سێمێل و تەناھی و مسیریک و فەیدیەن، ژمارەیەک شوێنی بازرگانی و یاریگای وەرزشیش زیانیان بەرکەوتووە، ئەوانیش خەمڵاندنیان بۆ دەکرێت.
قایمقامی سێمێل گوتیشی: ھەر خێزانێک زیانی پێگەیشتووە و قەرەبووکردنەوەی وەرنەگرتووە، لەلایەن لیژنەی تایبەتەوە خەمڵاندن بۆ زیانەکانیان دەکرێت و ئەوانیش قەرەبوو دەکرێنەوە، چونکە لەوانەیە لێرە و لەوێ ماڵێک ھەبێت قەرەبوو نەکرابێتەوە، دڵنیابن ھەموو زیانلێکەوتووان قەرەبوو دەکرێنەوە.
مەحموود ئاماژەی بۆ ئەوەش کرد: پرۆسەی خاوێنکردنەوەی قەزاکە و ھەموو ئەو شوێنانەی پاشماوەی لافاویان تێدایە بەردەوامە، لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا زۆربەی ئەو شوێنانەی پاشماوەی لافاویان تێدا بوو پاک کراونەتەوە، پرۆسەکەش بەردەوام دەبێت تا ھەموو شوێنەکان بە یەکجاری پاک دەکرێنەوە.
قائید میرۆ




