ھێژا عەبدولواحید: لافاو زیانی بە شەش بەنداو گەیاندووە
_(6)__2024_03_24_h14m59s35__ER.jpg)
دهۆک _KDP.info_ بەڕێوەبەری ئاودێریی پارێزگای دھۆک ئاشکرای کرد، لافاو زیانی بە شەش بەنداوی دھۆک گەیاندووە و بەشێک لە بەنداوەکان مەترسییان لەسەر ژیانی ھاووڵاتییان دروست کردبوو، دەشڵێ: ئەگەر گلدانەوەی ئاوی بەنداوەکان نەبووایە، کارەسات دروست دەبوو.
ھێژا عەبدولواحید، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: لە سنووری پارێزگای دھۆک سێ بەنداوی گەورە ھەن سەر بە بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی بەنداوەکانن، بەڵام ئێمە لە دھۆک ٥٦ بەنداوی بچووک و مامناوەندمان ھەن و بەھۆی بارانی چەند ڕۆژی ڕابردوو زیانی گەورەیان پێگەیشتووە، بەپێی مەزەندەی ئێمە زیانی گەورە بەر شەش بەنداو کەوتووە و ھەندێک لە بەنداوەکانیش ڕێگایان گیراوە و تیمەکانی ئێمە نەیانتوانیوە بگەنە شوێنی بەنداوەکان.
بەڕێوەبەری ئاودێریی پارێزگای دھۆک دەڵێت: چەند بەنداوێک مەترسییان لەسەر ژیانی ھاووڵاتیان دروست کردبوو و توانیومانە ھەندێک لەو مەترسیانە کەم بکەینەوە، بەنداوی کانێ لە قەزای ئامێدی مەترسی لەسەر دانیشتووانی ناوچەیەکی بەرفراوانی شیلادزێ دروست کردبوو، بەڵام توانیومانە ئاوەکە کەمکەینەوە و مەترسییەکەش کەمتر بووەتەوە، ھەروەھا بەنداوی بەری بەھار نزیکە لە سەنتەری شاری دھۆک، ئەگەر ئەو بەنداوە درز بدات، زیانی گەورەی بۆ دھۆک دەبێت، چونکە ڕاستەوخۆ ئاوەکەی دەچێتەوە سەر ڕووباری ھشکەڕۆ لە سەنتەری شاری دھۆک.
عەبدولواحید ڕوونی کردەوە: ئەو شەپۆلی بارانبارینە لە هەفتەی ڕابردوو دھۆکی گرتەوە، لە ماوەی شەست ساڵی ڕابردوودا نەهاتووە، چونکە لە ماوەی کەمتر لە ٤٨ کاتژمێردا زیاتر لە ٢٠٠ ملم باران باریوە، ئەگەر ئەو بەنداوەی بەری بەھار نەبووایە، کارەسات لە دھۆک ڕووی دەدا، چونکە بەشێکی زۆری ئاوەکەی دەچێتەوە ناو سەنتەری دھۆک و لە نێو بەنداوەکەدا گل دراوەتەوە.
قائید میرۆ




