دکتۆر فازڵ نەبی: پڕۆژەی ھەژماری من کێشە داراییەکانی نێوان ھەرێم و بەغدا چارەسەر دەکات
__2024_03_24_h14m46s19__ER.jpg)
ھەولێر _KDP.info_ بریکاری پێشووی وەزارەتی دارایی حکوومەتی عێراق : پڕۆژەی ھەژماری من زۆر گرنگە و دەتوانێ کێشەکانی دارایی نێوان ھەرێم و بەغدا چارەسەر بکات.
دکتۆر فازڵ نەبی، بریکاری پێشووی وەزارەتی دارایی حکومەتی عێراق، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی: پڕۆژەی ھەژماری منی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان زۆر باشە بۆ ئەوەی بتواندرێت لەگەڵ بەغدا ھەر کێشەیەکی ھەبێت چارەسەر بکرێت و ھەماھەنگی دروست بکرێت، بۆیە ھەرێم و بەغدا بە گفتوگۆ ئەو گرفتە چارەسەر دەکەن، چونکە عێراق نایەوێت دان بەو پڕۆژەیە بنێت کە ھیچ کێشەیەکی نییە و دەتوانن سوودی زۆر باش لەو پڕۆژەیە وەرگرن، بۆیە ئەگەر بەغدا سوور بێت لەسەر ئەوەی ھەژماری من لە بانکی حکوومی بکرێتەوە، دەکرێت ھەماھەنگی بکرێت و پرۆسەکە جێبەجێ بکرێت، ئەگەر نا ئەو پڕۆژەیە ھیچ گرفتێکی یاسایی نییە و بەغدا ھاتووە بیانوو بە ھەرێمی کوردستان دەگرێت، ئەگەر نا ھیچ کێشەیەک بۆ بەغدا لەو پڕۆژەیەدا نییە.
دکتۆر فازڵ نەبی گوتیشی: ئەوەی ھەیە جگە لە بیانوو ھیچی دیکە نییە و ھەر بڕیارێکیش بدرێت مەبەستی سیاسی لەپشتە، ئەگەر نا ئەوە پڕۆژەیەکی زۆر باشە و دەتواندرێت سودی لێ وەربگیرێ و ئەو کێشەی ھەیە لەڕێگەی ئەو پڕۆژەیە و لەرێگەی گفتوگۆی نێوان ھەردوو حکوومەتی ھەرێمی کوردستان و عێراق چارەسەر بکرێت، بۆیە پێشبینی دەکرێت لەماوەیەکی نزیکدا ئەو گرفتە چارەسەر بکرێت .
نەبی باسی لەوەش کرد: خۆی بڕیار ھەیە پێویستە مانگانە بەغدا بە ھەر جۆرێک بێت مووچەی خەڵکی کوردستان رەوانە بکات، بەڵام بۆ ئەوەی مووچە دوابخەن و ڕەوانەی نەکەن دێن بیانوو لە ئالیەتی ناردنی مووچە دەدۆزنەوە، بۆ نموونە داوای لیستی ھێزی ئەمنی لە ھەرێمی کوردستان دەکەن کە دەزانن ھەرێم ناتوانێ ئەو کارە بکات و بۆیان ڕەوانە بکات، ئەگەر نا تاو من خۆم لە بەغدا بووم ھیچ کاتێک لیستی ئەمنی بۆ ئێمە نەھاتووە بۆ ئەوەی مووچەیان دابین بکرێت.
بڵند ئیبراھیم




