"خەڵکی کوردستان چاوەڕوانی ئەو ھەڵوێستە بوو لە پارتی"
_(1)__2023_06_04_h16m24s38__ER_(1)__2024_03_24_h14m44s32__ER.jpg)
دھۆک_KDP.info_ ئەندامێکی خولی پێشوو لە پەرلەمانی عێراق دەڵێت: ھەڵوێستی پارتی دیموکراتی کوردستان بۆ ئەوەی ڕێگری بکرێت لەوەی زیاتر دەستوور دژی ھەرێمی کوردستان پێشێل نەکرێت زۆر گرنگ بوو، چونکە پێویست بوو لایەنێک بێتە سەرخەت و ڕێگری بکات، بۆیە خەڵکی ھەرێمی کوردستان چاوەڕێی دەکرد پارتی ئەو ھەڵوێستە ڕابگەیەنێت، چونکە ئومێدێکی زۆریان بە پارتی و بارزانی ھەیە.
نەجیبە نەجیب، ئەندامی خولی پێشووی پەرلەمانی عێراق، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان دەڵێت: ئەو هەڵوێستەی پارتی دیموکراتی کوردستان لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاند زۆر زۆر گرنگ بوو بۆ ئەم قۆناغە، لەبەر ئەوەی پێویست بوو لایەنێک ئەو بەرپرسیارەتییە ھەڵگرێت و بەرامبەر ئەو ھەموو پێشێلکارییەی دەستوور دەکرێت لە لایەن دادگای بەناو فیدراڵی بوەستێت کە ھەموو خەڵکی کوردستان چاوەڕێی ئەو ھەڵوێستەی پارتی بوون و تاڕادەیەک سونەکانیش لەگەڵ ئەو ھەڵوێستە بوون، چونکە بەغدا دەیەوێت بەھێز خۆی بەسەر ھەرێمی کوردستاندا بسەپێنێت و بڕیار دژی ھەرێمی کوردستان لەڕێگەی دادگای بەناو فیدراڵی دوور لە یاسا و دەستور دەربکات، بەڵام با باش بزانن تاوەکو مافی گەلی کورد نەدەن عێراق ھیچ کاتێک سەقامگیر نابێت، ئەوانیش ناتوانن بە پیلانەکانیان قەوارەی ھەرێمی کوردستان لاواز بکەن، ئیرادەی خەڵکی کوردستان زۆر بەھێزە و ھیچ کاتێک سازش لەسەر مافەکانیان ناکەن، چونکە دەریای خوێنمان لەپێناو کوردستان ڕشتووە.
نەجیبە نەجیب گوتیشی: بەغدا ھەرگیز ناتوانێت ھەرێمی کوردستان بخاتە ژێر دەسەڵاتی خۆی، ئەگەر بەو عەقلیەتە کار بکات شکست دێنێت، بۆیە باشتر وایە مافی خەڵکی کوردستان بەپێی دەستور بدەن و چیتر دژایەتی ھەرێمی کوردستان نەکەن، چونکە ھەموو کارێکیان لەڕێگای دادگای بەناو فیدراڵی دژی ھەرێمی کوردستان کرد، بەڵام با باش بزانن ئەو پیلانە کورت خایەن دەبێت و تووشی شکست دەبن وەکو چۆن لە پێشتر شکستیان ھێناوە، لەبەر ئەوەی کورد بە ئەنفال و کیمیاباران کردن لەناو نەچووە و ئێستاش لەناو ناچێت و ھەر بەزیندوویی دەمینێتەوە.
نەجیب باسی لەوەش کرد: ئەوەی جێگەی داخە زۆرینەی ئەو بڕیارانەی لەدژی ھەرێمی کوردستان دەدرێت لەسەر داواکاری ھەندێک لایەنی ھەرێمی کوردستانە، بەڵام تاوەکو پارتی و سەرۆک بارزانی ھەبن ھیچ کات دەستبەرداری مافی گەلی کورد نابن، چونکە پارتی خاوەن مێژوو و سەرۆکێکە چاوی ھەموو خەڵکی کوردستانی لەسەرە، بۆیە دڵنیابن ئەم قۆناغەش تێدەپەڕێت و ئەو کێشانەیش چارەسەر دەبن، لەبەر ئەوەی خەڵک ئومێدێکی زۆر بە پارتی و حکوومەتی ھەرێمی کوردستان ھەیە.
بڵند ئیبراھیم




