٢٥ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

هەڵەبجەییەکان بۆ KDP: پارتى ئەو حزبەیە گەلەکەى لە پشتى بڕیارەکانیەتى

سەرچاوە: KDP.info

هەڵەبجە-KDP.info- چالاکوانانى کۆمەڵگاى مەدەنى و سیاسى و قوتابیانى زانکۆ لە پارێزگاى هەڵەبجە دەڵێن، هەڵوێستەکەى پارتى بەرامبەر پیلانەکان دژ بە قەوارەى دەستووریى هەرێمی کوردستان، لە پاڵپشتی و هێز و ئیرادەی جەماوەرى کوردستانەوە سەرچاوەی گرتووە.

سنەوبەر سدیق، چالاکى سیاسى، بە ماڵپەڕى فەرمیی پارتى دیموکراتى کوردستانى ڕاگەیاند: "پارتى هەمیشە ئەو حزبەیە کاتێک هەنگاو دەنێت لە بەرامبەر ڕکابەرەکانى، کە ئامانجیان زەفەربردنە بە قەوارەى دەستووریی هەرێمی کوردستان، پشت بە هێز و ئیرادەى جەماوەرەکەى دەبەستێت، پارتى ئەو حزبەیە گەلەکەى لە پشتى بڕیارەکانیەتى، لەبەر ئەوەى باش دەزانن پارتى هەموو جووڵە سیاسییەکانى بۆ ئەوەیە پێگەى قەوارەى دەستووریى کوردستان بەهێز بکات و خەونى ناحەزان لەبار دەبات".

ئەو بڕواى وایە: "هەڵوێستەکەى پارتى لە هێز و ئیرادەى پارتى و جەماوەرەکەى سەرچاوەى گرتووە، جەماوەرى پارتى بڕواى تەواویان بە بڕیار و هەڵوێستەکانى حزبەکەیان هەیە و پشتیوانیى لێ دەکەن، بۆیە پارتیش هەمیشە جیاواز لە حزبەکانى تر ئەو هەڵوێست و بڕیارانەى دەیاندات، وەک خۆى جێبەجێیان دەکات و دۆست و دوژمن کاتێک ڕووبەڕووى بڕیارى پارتى دەبنەوە، ناتوانن خۆیانى لێ لابدەن".

شاد سەید حەیدەر، قوتابیی زانکۆ، لەو بارەیەوە بە ماڵپەڕى فەرمیى پارتى دیموکراتى کوردستانى ڕاگەیاند: "هەڵوێستەکەى پارتى، هەڵقوڵاوى جەماوەرى کوردستان بوو، کە ئارەزووى کوردستانێکى بەهێز و سەربەخۆ دەکەن، ئێمە بڕوامان وایە بڕیارەکانى دادگاى فیدڕاڵى، دوژمنایەتییە لەگەڵ دۆزى ڕەواى گەلى کورد، ئەوان دەیانەوێت قەوارەى دەستووریی هەرێمی کوردستان هەڵبوەشێننەوە، بۆیە پارتى بەرپرسیارانە هەڵوێستێکى نیشتمانیانەى نواندووە بەرامبەر ئەو پیلانانە".

ناوبراو دەشڵێ: "ئێمە بڕوامان بە سیاسەتى حەکیمانەى پارتى هەیە بە سەرۆکایەتیى سەرۆک بارزانى، بۆیەش پاڵپشتیى ئەو سیاسەتە نەتەوەییە دەکەین، چونکە دڵنیاین گەیشتنى ئەم کەشتییە بە کەنارى ئارام، تەنها بە سەرۆکایەتیى سەرۆک بارزانى دەبێت، خەڵکى کوردستانیش چاوەڕێی لێکەوتە ئەرێنییەکانى هەڵوێستەکەى پارتى دەکەن و ئەم قۆناغەش تێدەپەڕێندرێت".

هەر سەبارەت بەم پرسە، شەهێن هەڵەبجەیی، چالاکى کۆمەڵگاى مەدەنى، بە ماڵپەڕى فەرمیى پارتى دیموکراتى کوردستانى گوت: "بڕیار و هەڵوێستەکانى پارتى، هەمیشە نەتەوەیى و نیشتمانى بوون و لە بەرژەوەندیى خەڵکى کوردستاندا بوون، پارتى لە ڕابردوودا هەنگاوى بنیاتنانى دامەزراوەکانى حکوومەتى هەرێمى کوردستان و پەرلەمان و سەرۆکایەتیى هەرێمی ناوە، ئێستاش پارتى شانى داوەتە بەر پاراستنى دامەزراوە شەرعییەکانى وڵات، پارتى هێز و پاڵپشتی لە جەماوەرى کوردستانەوە وەردەگرێت".

هەڵەبجەیی ئاماژەشی دا: "هەڵوێستەکەى پارتى بەرامبەر دەسەڵاتدارانى عێراق و دادگاى فیدڕاڵى و ئەو بڕیارە نادەستووریانەى دژى قەوارەى کوردستان دەریان دەکات، گرنگ و لە کاتى خۆیدا بوو، خەڵکى کوردستانیش هەمیشە چاوەڕێی هەڵوێست لە پارتى و سەرۆک بارزانى دەکەن بەرامبەر ئەو پیلانانەى لە دژبەرەکانى کوردستانەوە بۆ سەر قەوارەکەمان هەن، هەر ئەوەش واى کردووە جەماوەرى کوردستان پشتیوانى لە پارتى دیموکراتی کوردستان بکەن".

 

عەزیز ڕەسووڵ

 

هەواڵی پەیوەندیدار