نانەکەلی: پارتی ھەمیشە بۆ ھەڵبژاردنێکی پاک وبێگەرد ئامادەیە

ھەولێر_KDP.info_ ئەندامێکی کۆمیتەی ناوەندی پارتی دیموکراتی کوردستان دەڵێت، پارتی دیموکراتی کوردستان ناچێتە ھەڵبژاردنێکەوە مەترسی لەسەر قەوارەی ھەرێمی کوردستان و پێکەوەژیان دروست بکات، ئەگەر نا پارتی لەیەکەم ھەڵبژاردنەوە ئامادەبووە و ئێستاش ئامادەیە بۆ ھەڵبژاردن و ھەمیشە براوەیش بووە، بەمەرجێک مەترسی لەسەر قەوارەی ھەرێمی کوردستان دروست نەبێت و پێداچوونەوە بە بڕیارەکانی بەناو دادگای فیدراڵی بکرێت.
ئاری نانەکەلی، بەرپرسی لقی ١٦ی پارتی دیموکراتی کوردستان و ئەندامی کۆمیتەی ناوەندی پارتی، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان رایگەیاند، بەیاننامەکەی مەکتەبی سیاسی پارتی دیموکراتی کوردستان چەند خاڵێکی گرینگی تێدایە، کە پێوەستە بە قەوارەی ھەرێم و بەرگریکردن لەمافی خەڵک و داکۆکیکردن لە ھەموو دەستکەوتەکانی ھەرێم، بەڕوون و ئاشکرا دادگای بەناو فیدڕاڵی ھەوڵی لاوازکردنی قەوارەی ھەرێم دەدات و بۆ بڕینی مووچە بە ھەمان شێوە پارتی ھەڵساوە بە بەرگریکردن لەمافی خەڵکی کوردستان و بە بەرپرسیارێتی مێژوویی خۆی ھەڵساوە بەرامبەر مافی خەڵکی کوردستان و پاراستنی دەستکەوتەکان، ئەمەش دوای دیراسەکردنێکی ورد ئەنجامدراوە، کە ناچینە ژێر باری یاسا و بڕیاری نادەستوری دادگای بەناو فیدڕاڵی بیەوێت فەرزی بڕیاری نا دەستووری بەسەر ھەرێمی کوردستان و قەوارەی ھەرێمی کوردستان بسەپێنێت، بۆیە پارتی بۆ ھەموو ھەڵبژاردنەکان ئامادەبووە و ئێستاش ئامادەیە، بەڵام ئەو بڕیارەی لە دادگای بەناو فیدڕاڵی دەرچووە مەترسی ھەیە لەسەر ھەرێمی کوردستان، کە بەخوێنی ھەزاران شەھید بەرھەم ھاتووە، بۆیە پارتی بەئەرکی خۆی ھەڵساوە و بەرپرسیارێتی لەئەستۆ گرتووە.
ئاری نانەکەلی گوتیشی، پارتی دیموکراتی کوردستان و سەرۆک بارزانی خاوەنی دامەزراندنی بیرۆکەی ئازادی و دیموکراسی و ھەڵبژاردنن، کە دوای چەند رۆژێک لە راپەرین سەرۆک بارزانی لە کۆیە رایگەیاند ئێمە پێوستە بەرەو ھەڵبژاردنێکی پاک وبێگەرد بچین و ھەرێمێکی موئەسەساتی دامەزرێنین، بۆیە ئێمە شانازی بەودەستکەوتە دەکەین و لە ساڵی ١٩٩٢ ھەڵبژاردن دەکرێت پارتی ھەمیشە براوە بووە سەرەڕای ئەوەی ھێزی زۆر ھەبووە، بۆیە پارتی ھیچ کات لە ھەڵبژاردن ناترسێت و بەردەوام بووە، بۆیە ئەوپیلانەی دادگای بەناو فیدراڵی و وڵاتی ھەرێمی و بەشێک لە لایەنی ناوخۆ دایانناوە بۆ لاوازکردنی قەوارەی ھەرێمی کوردستان، بۆیە پارتی ئەوە ناکات مەترسی لەسەر قەوارەی ھەرێمی کوردستان دروست بێت و ئێستاش پارتی ئامادەیە لیژنەیەکی نێودەوڵەتی ھەبێت و دادگای باڵای کوردستان بەھەمان داتا و زانیاریەوە و پێداچوونەوە بەو بڕیارانەی لە دادگای بەناوفیدراڵی دەرچوونە، بۆ نموونە ٤٠٠ ھەزار کەس پەنجەمۆری ناخوێندرێتەوە و دەنگی پارتی لە ھەموو پارێزگاکان کەمکردووەتەوە و کورسی ھەڵەبجەیان کەمکردووەتەوە و پێکەوەژیانیان لە ھەرێم نەھێشتووە، کە ئەرکی ھەمووانە پارێزگاری لە مافی پێکھاتەکان بکات، بۆیە پارتی لەبەر ئەو ھۆکارانە ھەڵوێستی ھەبووە.
بڵند ئیبراھیم




