٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

پێش هاتنی جەژن هەموو زیانلێکەوتووانی لافاوەکە قەرەبوو دەکرێتەوە

سەرچاوە: KDP.info

دهۆک-KDP.info- پارێزگاری دهۆک رایدەگەیەنێت، پێش هاتنی جەژنی رەمەزان، قەرەبووی هەموو زیانلێکەوتووانی لافاوەکە دەکەنەوە. دەشڵێت، "حکوومەتی عێراق هیچ هاوکارییەکی پێشکەشی زیانلێکەوتووان نەکردووە".

ئەمڕۆ شەممە، د. عەلی تەتەر، پارێزگاری دهۆک کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانی لەبارەی چۆنییەتی قەرەبووکردنەوەی زیانلێکەوتووانی لافاوەکەی رۆژی سێشەممەی رابردوو و، پلان و بەرنامەی حکوومەت بۆ رێگریکردن لە دووبارەبوونەوەی لافاوەکە رێکخست.

پارێزگاری دهۆک رایگەیاند، "قەبارەی زیانەکانی لافاوەکە زۆر گەورەیە. سوپاسی خەڵکی خۆشەویستی خۆمان دەکەین کە بە هەموو چین و توێژەکانەوە زۆر هاوکاربوون لەگەڵمان. ئێستا کاتی موزایەدە نییە، هەر کەسێک بیەوێت خزمەتی شارەکە بکات، دەزانێت سەردانی کوێ دەکات".  

وەکو ئەوەی د. عەلی تەتەر باسی کرد، "خانووە زیادەڕووەکانی گەڕەکی هشکەڕووی دهۆک و ئەوانەی لەسەر رێڕەوی لافاون، لادەبرێن. هەر زیادەڕوویەکی دیکەش لەو گەڕەکە هەبێت بەبێ دوودڵی لادەبرێت". گوتیشی، "ئەو خانووانەش کە تاپۆکراون، بەڵام مەترسیی داڕووخانیان لەسەرە، لادەبرێن و خاوەنەکانیان لەلایەن حکوومەتەوە قەرەبوو دەکرێنەوە".

پارێزگاری دهۆک ئاماژەی بەوەش کرد، "لە ماوەی 48 کاتژمێردا شوقەممان بۆ هاووڵاتییە زیانلێکەوتووەکانی لافاوەکە کڕین و پارەشمان پێدان بۆ ئەوەی کەلوپەلی ناوماڵەوەی پێ بکڕن. پێش هاتنی جەژنی رەمەزان، هەموو زیانلێکەوتووانی لافاوەکەی دهۆک قەرەبوو دەکرێتەوە".

بە گوتەی د. عەلی تەتەر، "سبەی یەکشەممە، 24-03-2024، قەرەبووی هاووڵاتییە زیانلێکەوتووەکانی رۆژئاوای دهۆک دەکرێتەوە. لەبارەی بەشی رۆژهەڵاتی شارەکەش، قەبارەی زیانەکان زۆرن، دوای تەواوبوونی پڕۆسەی پاککردنەوە، ئەوانیش قەرەبوو دەکرێنەوە و چەند لیژنەیەک بۆ ئەو مەبەستە پێکهێندراون".

پارێزگاری دهۆک ئاماژەی بەوەش کرد، "حکوومەتی عێراق هیچ هاوکارییەکی پێشکەشی زیانلێکەوتووانی لافاوەکەی دهۆک نەکردووە، تەنانەت پەیوەندیشیان پێوە نەکردووین و هاوخەمیشیان دەرنەبڕیوە".

هەواڵی پەیوەندیدار