ھەڵوێستەکانی پارتی گوزارشتە لە ھەڵوێستی خەڵکی کوردستان

گەرمیان-KDP.info- بەرپرسی لقی ٢٢ی پارتی دیموکراتی کوردستان لە گەرمیان رایگەیاند، ھەڵوێستەکانی پارتی تەنھا گوزارشت نییە لە ھەڵوێستی حیزبێکی سیاسی، بەڵکو گوزارشتە لە ھەڵوێستی خەڵکی کوردستان لە بەرامبەر ھەر دەستدرێژی و پێشێلکردنی مافە یاسایی و دەستوورییەکانی خەڵکی کوردستان، ھەر بۆیە پارتی ئامادە نییە بچێتە ھەڵبژاردنێکەوە بە ناسایایی و نادەستووری بەسەر ھەرێمدا بسەپێندرێت.
ئەکرەم ساڵح، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی: "بەیاننامەی مەکتەبی سیاسیی پارتی دیموکراتی کوردستان، بۆ بایکۆتکردنی ھەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان نییە و بۆ بەشدارینەکردنە لە ھەڵبژاردنێکی سەپێندراوی پێشوەختە و داڕێژراو و ئاماژەکان و بەڵگەکانی بەردەست، دەریدەخەن کە ئەو ھەڵبژاردنەی ئەنجام دەدرێت، پێش ئەوەی ئەنجام بدرێت نەخشەکەی کێشراوە و دەرئەنجامەکانی دیارە، ئێمە ئەزموونمان لەگەڵ ئەو جۆرە ھەڵبژاردنە ھەیە، بۆیە پارتی ناچێتە ھەڵبژاردنێکەوە لە دەرەوەی یاسا و بە شێوەی نادەستووری و ناسایایی بەسەر ھەرێمدا بسەپێندرێت، هەر لەبەر ئەوە پارتی دووپاتی کردووەتەوە ئەگەر ھەڵبژاردن بکرێت بەو شێوەیە، بەشدار نابین".
ساڵح گوتیشی: "پارتی دیموکراتی کوردستان بەپێی رێککەوتنێک بەشداری لە حکوومەتی عێراقدا کردووە، کە پێی دەگوترێت رێککەوتنی ھاوپەیمانیی ئیدارەی دەوڵەت و کورد و سوننە و شیعە تێیدا بەشدارن، کە بەپێی رێککەوتنەکە کۆمەڵێک ھەنگاو پێویست بوو بنرێن، بەڵام تاوەکو ئێستا ھیچ ھەنگاوێک نەنراوە و ھیچ خاڵێک جێبەجێ نەکراوە لەو رێککەوتنە، کە پێویست بوو لە ماوەی شەش مانگدا یاسای نەوت و غاز دەربکرێت و دادگای فیدراڵی بەپێی دەستوور داڕێژرێتەوە و ماددەی ١٤٠ جێبەجێ بکرێت و کۆمەڵێک خاڵی دیکە، کە ھاوسەنگی بۆ حکوومەت دەگەڕێتەوە، بەداخەوە تاوەکو ئێستا رێککەوتنەکە جێبەجێ نەکراوە، بۆیە ھۆشداری بە ئەوانیش دراوە ئەگەر رێککەوتنەکان جێبەجێ نەکەن، ناتوانن لە پرۆسەی سیاسی بەردەوام بن".
ناوبراو باسی لەوەش کرد: "پارتی دیموکراتی کوردستان ھەمیشە داکۆکیکاری مافە نەتەوەییەکانی گەلی کورد بووە و لە ھەموو قۆناغەکان بڕوای بە ئاشتی و پێکەوەژیان و دانوستان ھەبووە، تا ئەو کاتەی پێشێلی مافی خەڵکی کوردستان نەکرێت، بەڵام کە پێشێلی مافی خەڵکی کوردستان کرا، پارتی دەستبەرداری بەرژەوەندیی خۆی بووە لە پێناو بەرژوەندییەکانی خەڵکی کوردستان، بۆیە پارتی لە مێژوودا ناسراوە کە داکۆکیکاری راستەقینەی دۆزی رەوای کوردە لە عێراقدا، ھەڵوێستەکانی پارتیش تەنھا گوزارشت نییە لە ھەڵوێستی حیزبێکی سیاسی، بەڵکو گوزارشتە لە ھەڵوێستی خەڵکی کوردستان لە بەرامبەر ھەر دەستدرێژی و پێشێلکردنی مافە یاسایی و دەستوورییەکانی خەڵکی کوردستان، بۆیە پارتی ھاوکات لەگەڵ داکۆکیکردن لە مافە دەستوورییەکانی خەڵکی کوردستان، رێگە نادات و قبووڵی ناکات لە دەرەوەی یاسا و دەستوور، بڕیار بەسەر خەڵکی ھەرێمی کوردستاندا بسەپێندرێت و، یاسایەک بە شێوەی دادپەروەرانە نەبێت و لە ژێر کاریگەریی دەرەکی و تائیفیدا بێت، ڕەتی دەکاتەوە".
بڵند ئیبراھیم




