٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

وەزارەتی بازرگانی بۆ KDP: باس له‌ وەرگرتنی گەنمی ئه‌مساڵی جووتیاران ده‌كات

سەرچاوە: KDP.info

ھەولێر-KDP.info- بەڕێوەبەری گشتی لە وەزارەتی بازرگانیی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان گوتی، ئەمساڵیش نرخی وەرگرتنی گەنم لە جووتیاران دیاری کرا و تۆنی بە ٨٥٠ ھەزار دینار لە جووتیاران وەردەگیرێت، بەڵام جارێ یەکلا نەبووەتەوە ئەمساڵ چەند ھەزار تۆن لە ھەرێمی کوردستان وەردەگیرێت، کە ئێمە لە ھەوڵی جیددیداین تەواوی گەنمی جووتیاران وەربگیرێت.

نەوزاد شێخ کامیل، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان رایگەیاند، حکوومەتی عێراق بۆ ئەمساڵیش بە شێوەی فەرمی نرخی وەرگرتنی گەنمی لە جووتیاران دیاری کردووە، کە ھاوشێوەی ساڵی ڕابردوو ھەر تۆنێک گەنم بە ٨٥٠ ھەزار دینار لە جووتیاران وەردەگرن، بەڵام بۆ ھەرێمی کوردستان تاوەکو ئێستا دیاری نەکراوە ئەمساڵ چەند ھەزار تۆن وەردەگرن، چونکە ئەوەیان بەپێی رێککەوتن دەبێت کە وەزارەتی کشتوکاڵی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان لەگەڵ ھەردوو وەزارەتی بارزگانیی عێراق و وەزارەتی کشتوکاڵی عێراق لە گفتوگۆدان بۆ ئەوەی ئەمساڵ ھەموو گەنمی جووتیاران وەربگرن، چونکە وەرگرتنی بەشێک لە گەنمی جووتیاران، زیان بە جووتیارانی ئێمە دەگەیەنێت.

شێخ کامیل گوتیشی: "پارساڵ تەنھا ٥٠٠ ھەزار تۆن گەنم لە جووتیارانی ھەرێمی کوردستان وەرگیرا و ئەمساڵ پێشبینی دەکرێت بە ھۆی بارینی بارانێکی باش، بەرھەمی گەنم زۆر بێت و بگاتە ٨٠٠ ھەزار تۆن، بۆیە ھەوڵی جیدی دەدەین بۆ ئەوەی بەغدا سەرجەم گەنمی جووتیارانی ھەرێمی کوردستان بۆ ئەمساڵ وەربگرن، بۆ ئەوەی جووتیاران زیانیان بەرنەکەوێت".

 

بڵند ئیبراھیم

 

هەواڵی پەیوەندیدار