٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

ئامێدی بۆ KDP: ئەو زیادەڕۆییانە وا دەکات ھەرێمی كوردستان ھەڵوێستی ھەبێت

سەرچاوە: KDP.info

دھۆک-KDP.info- سیاسەتمەدارێکی کورد باس لەوە دەکات، پارتی دیموکراتی کوردستان بەم ھەڵوێستەی، خۆی لە مافەکانی خەڵکی کوردستان کردە خاوەن، کە خەبات و قوربانیی داوە تاوەکو بەدەست ھاتوون، بۆیە ئەگەر پڕۆسەی سیاسی و ھەڵبژاردن بەپێی یاسا و دەستوور نەبێت، پارتی ئامادە نییە بەشداری تێدا بکات.

ئیحسان ئامێدی، سیاسەتمەداری کورد، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی: "ھەرێمی کوردستان ھەرێمێکی دەستوورییە و لە دەستووری عێراق لە بەندی یەکەمدا باس لەوە دەکات، عێراق کۆمارێکی فیدڕاڵییە و ھەرێمەکانی لە چوارچێوەی عێراق دروست دەبن و مافی خۆیان ھەیە پەرلەمان و دەسەڵاتی یاسادانان و جێبەجێکردن و دادوەرییان ھەبێت، واتا میللەتی کوردیش خەباتی کردووە بۆ ئەوەی ھەرێمی کوردستان دروست بێت و ئەو مافە نەتەوەییانەی بەدەستی ھێناون لە دەستووردا جێگیر کراون و خەباتی کردووە تاوەکو خەڵکی کوردستان خاوەنی خۆی بێت و گوزارشت لە مافەکانی خۆی بکات، بۆیە بۆچوونی سەرکردایەتیی کورد وایە، ئەو بڕیارانەی ئەم دواییەی دادگای بەناو فیدڕاڵی داویەتی، زیادەڕۆیی لەسەر مافی ھەرێمی کوردستان و دەستوور کراوە".

ناوبراو باسی لەوەش کرد: "دەسەڵاتی دادگای بەناو فیدڕاڵی نییە ڕاستکردنەوە بۆ یاساکانی ھەرێمی کوردستان بکات و بەسەر ھەرێمی کوردستاندا فەرزی بکات و خەڵکانێک لە ھەرێمی کوردستان لە مافی خۆیان بێبەش بکات، ئەم زیادەڕۆییانەی دادگا و پێشێلکردنی دەستوور، وا دەکات ھەرێمی کوردستان ھەڵوێستی ھەبێت، چونکە ئەرکی ئەو دادگایە تەنھا ئەوەیە ئەگەر یاسامان ھەبێت تەماشا بکات دەستوورین یاخود نا یانیش دەقێکی دەستووری ھەبێت شرۆڤەی بکات یاخود کێشەیەک لە نێوان ھەرێم و بەغدا ھەبێت چارەسەری بکات، چونکە ئێستا خۆی لە شوێنی دەسەڵاتی یاسادانان و جێبەجێکردن داناوە، ئەمەش بەپێی دەستوور گونجاو نییە، بۆیە پارتی کاتێک دەبینێت بەو شێوەیەیە، خۆی لە مافی خەڵکی کوردستان کردە خاوەن و بەرامبەر پێشێلکارییەکان وەستا، ھەروەھا ئەمەی ھەیە قبووڵی ناکات و دادگایەک ھەستێت مافەکانی ھەرێمی کوردستان زەوت بکات".

ئامێدی گوتیشی: "ھەرێمی کوردستان رێککەوتنێکی لەگەڵ چوارچێوەی ھەماھەنگی ھەیە بۆ پێکھێنانی حکوومەتی عێراق بەناوی ھاوپەیمانیی ئیدارەی دەوڵەت و چەند رێککەوتنێک ھەیە بۆ ئەوەی ببێتە بنەمای ھاوبەشی و کارکردن، بۆیە پارتی دیموکراتی کوردستان بەرگری لە مافی خەڵکی کوردستان دەکات و ئەگەر عێراق پابەندی دەستوور نەبێت، لە پڕۆسەی سیاسی عێراق بەردەوام نابن و خاڵێکی دیکەش بەشداری ھەڵبژاردنێک ناکەن و ھەڵبژاردن بەرنامەیەکی دەرەکی بێت و کورسییەکانی لایەنەکان دیاری بکات و پێگەی کورد لاواز بکەن، چونکە ھەرێمی کوردستان ھاوشێوەی عێراق کۆمسیۆنی ھەیە و یاسای ھەیە و دەتوانێت خۆی بڕیاری خۆی بدات، بۆیە پارتی بەشداریی ھەڵبژاردنێک ناکات لایەنی دەرەکی و ھەندێک لایەنی ناوخۆی و عێراقی دژی ھەرێمی کوردستان پڕۆسەکە بەڕێوە ببەن و ئەنجامەکان دیاری بکەن، کە ھەر لە ئێستاوە نزیکەی ٤٠٠ ھەزار کەسیان لە دەنگدان بێبەش کردووە بە بیانووی پەنجەمۆر، بۆیە پارتی ھەڵوێستێکی نیشتیمانیی دەربڕیوە و سوورە لەسەر ئەوەی پێویستە پڕۆسەی سیاسی و ھەڵبژاردن بە شێوەی یاسایی و دەستووری بەڕێوە بچێت و لە دەرەوەی ئەمە بێت، بەشدار نابێت".

 

بڵند ئیبراھیم

 

هەواڵی پەیوەندیدار