ھەولێر.. کەمپینێک بۆ ھاوکاریکردنی زیانلێکەوتووانی دھۆک و زاخۆ راگەیەندرا

هەولێر-KDP.info- لە شارۆچکەی بەحرکەی سەر بە شاری ھەولێر، کەمپینێک بۆ کۆکردنەوەی ھاوکاری بۆ زیانلێکەوتووانی لافاوەکەی دھۆک و زاخۆ راگەیەندرا و سەرپەرشتیاری کەمپینەکەش دەڵێ، کەمپینەکە بۆ ماوەی چوار رۆژ بەردەوام دەبێت و ھەر کەس و لایەنێک دەیەوێ دەستی ھاوکاری درێژ بکات، ئێمە ھاوکارییەکانیان دەگەیەنینە خەڵکی دھۆک و زاخۆ.
سەوری نەسرەدین، رێکخەری کەمپینەکە، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی راگەیاند: "لە شارۆچکەی بەحرکە کەمپینێک راگەیەندراوە وەک ئەرکێکی نیشتیمانی بۆ ھاوکاریکردنی ھاووڵاتیانی دھۆک و زاخۆ، ئەوانەی بە ھۆی لافاوەکەی رۆژی سێشەممەی رابردوو زیانیان پێ گەیشتووە، ئێمە لە رێگەی دوو ژمارە مۆبایل و بە شێوەی ئەلیکترۆنی ھاوکارییەکان کۆدەکەینەوە، بەشێکی دیکەی ھاوکارییەکان راستەوخۆ دەگەیەندرێتە کەمپین لە ھۆڵی بۆنەکانی شارۆچکەی بەحرکە".
نەسرەدین ئاماژەی بۆ ئەوەش کرد: "خەڵکی پارێزگای دھۆک و ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ لە کاتی لافاوەکەی شاری ھەولێر ساڵی ٢٠٢١ ھاوکارییەکی زۆریان گەیاندە زیانلێکەوتووانی شاری ھەولێر و ئێمەیش دەمانەوێ بەشێک بین لە گەیاندنی ھاوکاری و ئەو گیانی ھاوکاریکردنە بەردەوامی ھەبێت لە نێوان ھەموو شارەکانی ھەرێمی کوردستاندا، راستە حکوومەت بەڵێنی قەرەبووکردنەوەی بە زیانلێکەوتووانی دھۆک داوە، بەڵام بەپێی زانیارییەکانی ئێمە زیاتر لە ھەزار ماڵ زیانیان پێ گەیشتووە و بە ئەرکی خۆمانی دەزانین ئێمەیش ھاوکارییان پێشکەش بکەین".
قائید میرۆ




