کۆماری چین.. بەسروودی ئەی ڕەقیب دەست بە بەرنامەکانی خولەکە کرا

چین-KDP.info- شاندێکی باڵای لاوانی کوردستان بە سەرپەرشتی سکرتێری یەکێتیی لاوانی دیموکراتی کوردستان و ئەندامیەتی بەشێک لە کارگێڕانی مەکتەبی سکرتاریەت و چەند لاوێکی دیکەی ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی لە ناوچە جیاوازەکانی کوردستان، بەسەردانێک گەیشتنە کۆماری چین.
مەیسەر نھێلی، سکرتێری یەکێتیی لاوانی دیموکراتی کوردستان، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: "شاندەکەی لاوانی کوردستان کە پێکھاتوون لە گروپێکی ١٧ کەسیی، بە ناوی گرووپی (کوردستان لاو – Kurdistan young) بەشدارین لە خولێکی پەرەپێدان لە کۆماری چین، کە جگە لە لاوانی کوردستان، چەند شاندێکی وڵاتانی ئوردن، لوبنان، میسر، جەزائیر تێدا بەشدارن".
سکرتێری یەکێتیی لاوانی دیموکراتی کوردستان گووتی: "لە دەستپێکدا بەسروودی نیشتیمانی ئەی ڕەقیب دەست بە بەرنامەکانی خولەکە کراو وتارێکم پێشکەش کرد و ھاوخەمی خۆمان دەبڕی بە ھۆی ئەو کارەساتە سروشتیەی کە لە ئەنجامی لافاودا ڕووبەڕووی دھۆک و زاخۆ و بادینان ببوەوە".
ھەروەھا مەیسەر نھێلی، ئەوەشی خستەڕوو: "کە تیشکمان خستەسەر سنووری ڕاستەقینەی جوگرافیای کوردستان کە پێکھاتووە لە کوردستانی گەورە و دواتر بە گرنگیەوە باسمان لە ژمارەی کوردانی تاراوگە کرد کە لە زۆرینەی وڵاتانی دونیادا ھەن و لە زۆرێک لە وڵاتەکاندا پێگە و ڕۆڵی کاریگەریان ھەیە ھەم لە پێکەوەژیان و ھەم لە بەرەو پێشبردنی گیانی تەبایی و تا دەگات بە ڕۆڵ بینینیان لە سیاسەت و ئیدارەدان و بەرەوپێشبردنی شارستانیەتی ئەو شوێنانەی لێی نیشتەجێن".
ههڵكهوت محهممهد




