ڕاگەیاندنی پارتی پیرۆزبایی ساڵیادی دامەزراندن لە ڕادیۆی زاگرۆس دەکات

ھەولێر-KDP.info- بەشی ڕۆشنبیری و ڕاگەیاندنی پارتی دیموکراتی کوردستان پیرۆزبایی ساڵیادی دامەزراندنی ڕادیۆی زاگرۆس لە بەڕێوەبەر و ستافی بەڕێوەبردن و ھونەرکاران و سەرجەم کارمەندانی ڕادیۆی زاگرۆس دەکات.
بەڕێزان / بەڕێوەبەر و ستافی بەڕێوەبردن و ھونەرکاران و سەرجەم کارمەندانی ڕادیۆی زاگرۆس
بە بۆنەی (١٨) یەمین ساڵیادی دامەزراندنی (ڕادیۆی زاگرۆس) کە ھاوکاتە لەگەڵ جەژنی نەتەوەیی نەورۆز و سەری ساڵی نوێی کوردی، پیرۆزباییەکی گەرم لە ئێوەی ھێژا و بیسەرانی ئازیزی ڕادیۆکەتان دەکەین، ئومێدەوارین بۆ ساڵی داھاتوو لە ھەموو روویەکەوە بەرەو پێش بچن و زیاتر خزمەتی بواری ڕاگەیاندن بکەن و لە ئاست ئەو ئەرکە پیرۆزەتان بن.
(ڕادیۆی زاگرۆس) لە ماوەی تەمەنی کارکردنیدا لە رێی گەیاندنی پەیامە گرنگەکەی و بەرجەستەکردنی ئەرک و پلانەکانی بێوچان ڕۆڵی دیار و بەرچاوی ھەبووە لە خستنەڕووی خواست و ویستی ھاووڵاتییان و پرسە نەتەوەیی و نیشتیمانییەکان.
لەو دەرفەتەدا وێرای ئەوەی کار و کارنامەی ئێوە بەرز دەنرخێنین، پاڵپشتیی و پشتیوانی خۆمان بۆ زیاتر پێشکەوتنی (ڕادیۆی زاگرۆس) دووپات دەکەینەوە.
جارێکی دیکە پیرۆزباییتان لێدەکەین و ھەر بەردەوام و سەرکەوتووبن.
بەشی ڕۆشنبیری و ڕاگەیاندنی پارتی دیموکراتی کوردستان
٢١ی ئاداری ٢٠٢٤




