٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

پارتی دەیەوێت پرۆسەی سیاسی لە عێراق راست بکاتەوە

سەرچاوە: KDP.info

دھۆک-KDP.info- سیاسەتمەدارێکی کورد دەڵێت، پارتی دیموکراتی کوردستان ھەڵوێستێکی گرنگی راگەیاندووە، بۆ ئەوەی پرۆسەی سیاسی لە عێراق راست بکرێتەوە و کۆتایی بەو نەریتەش بێنێت، کە رێککەوتن دەکرێت بۆ پێکھێنانی حکوومەت، لێی پەشیمان دەبنەوە و جێبەجێ ناکرێت.

موئەیەد تەیب، سیاسەتمەداری کورد و شارەزا لە سیاسەتی عێراق، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی، لە ھەموو وڵاتانی دیموکرات دوای ھەڵبژاردن ئەگەر لایەنێک ٥١%ی کورسییەکانی بەدەست نەھێنا، ھاوپەیمانی دروست دەکات و کاتێک ھاوپەیمانی دروست دەکرێت، ئەوکات لەسەر بەرنامەیەک دەگەنە رێککەوتن و ئەگەر لایەنێک کشایەوە، ئەوە حکوومەت نامێنێت و ئەگەر بەردەوامیش بێت، ھیچ بەھایەکی نییە، بەداخەوە لە عێراق ئەمە چەندین جارە دووبارە دەبێتەوە. بە تایبەت بەرامبەر بە کورد و سوننە، چونکە ھەموو جارێک حکوومەت بە بەشداریی کورد و شیعە و سوننە پێکدێت و دوای پێکھێنانی حکوومەتیش ئەو لایەنەی سەرۆکایەتیی حکوومەت دەکات و زۆرینەیە، داواکاریی کورد و سوننە جێبەجێ ناکات و ئەمەش جاری یەکەم نییە، بۆیە ئەوانەی بەشدارن لە حکوومەتدا، ئەگەر لەسەر ئەو بەرنامەیەی رێککەوتوون، پێوەی پابەند نەبن، پێویستە بکشێنەوە یاخود داواکارییەکانیان جێبەجێ دەکرێت، ئەگەرنا ھیچ مانایەک بۆ ئەو رێککەوتنانە نامێنێتەوە.

تەیب گوتیشی، پارتی کاتێک دەبینێت حکوومەت پابەندی بەرنامەکە نییە و جێبەجێی ناکات، مافی خۆیەتی داوای کشانەوە بکات لە پێناو راستکردنەوەی پرۆسەی سیاسی و رێگەگرتن لەو ھەوڵانەی بۆ نەھێشتنی فیدراڵی دەدرێن.

دەشڵێ، ئەگەر ئەو سێ پرەنسیپەی لە دەستووری پێشێلکراوی عێراقدا ھاتوون بۆ بنیاتنانی پرۆسەی سیاسی لە عێراق، کە ئەوانیش تەوافوق و شەراکەت و تەوازنن، نەمان و پێشێل کران، ئەوکاتیش رێککەوتنەکان جێبەجێ نەکران، مانەوە لەگەڵ ھاوپەیمانیەتییەکی لەو شێوەیە ستەمێکی گەورەیە، چونکە رێککەوتن بکرێت پێویستە جێبەجێ بکرێت، لەبەر ئەوەی ئەگەر جێبەجێ نەکرا، ئەوکات ھیچ بەھایەکی نامێنێت و باشترین رێگا کشانەوەیە لە پرۆسەی سیاسی، بۆ ئەوەی چیتر رێککەوتن نەکرێت و دواتریش لێی پەشیمان ببنەوە، کە بووەتە نەریتێک و پێویستە کۆتایی بەو نەریتە بێت، لەمەودواش ھەر رێککەوتنێک بکرێت، جێبەجێ بکرێت، ئەمەش بەو ھەڵوێستە دەبێت کە پارتی دیموکراتی کوردستان رایگەیاندووە، ئەگەر ئەو بەرنامەیەی لە ھاوپەیمانی ئیدارەی دەوڵەت بۆ پێکھێنانی حکوومەت لەسەری رێک کەوتوون جێبەجێ نەکرێت، ناتوانن لە پرۆسەی سیاسی بەردەوام بن.

 

بڵند ئیبراھیم

 

هەواڵی پەیوەندیدار