ڕوون دەبێتەوە پارتی لەبەر چی و بۆچی ئەو ھەنگاوە بوێرانەی ناوە

ھەولێر-KDP.info- بەرپرسی لقی ٢٦ی گوڵانی پارتی دیموکراتی کوردستان رایگەیاند، پارتی بڕوای تەواوی بە دیموکراسیەت و ھەڵبژاردن ھەیە و یەکەم لایەن بووە کە داوای ھەڵبژاردنی کردووە، بەڵام کاتێک دەبینێت ئاسایشی نیشتیمانی دەکەوێتە مەترسییەوە و خەڵکێک بە تێگەیشتنی خۆی دیموکراسیەت بۆ ئێمە دیاری بکات، ئەوە پیلانێکی مەترسیدارە لەسەر ئاسایشی نەتەوەیی و ناکرێت لێی بێدەنگ بین.
کرمانج عززەت، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی: "ئەگەر لایەنێک ھەبێت بە رێچکەی دیموکراسیەتدا رۆیشتبێت، ئەوە پارتی دیموکراتی کوردستانە و پارتی لە سەرەتای دروستبوونییەوە بڕوای بە دیموکراسیەت ھەبووە و لە ساڵی ١٩٩١ یەکەم حیزب بووە داوای دەسەڵاتی یاسایی لە رێگەی ھەڵبژاردنەوە کرد، بۆیە ئەمە شێوازی کارکردنی پارتی دیموکراتی کوردستانە و ھیچ کات لێی پەشیمان نابینەوە و ھەمیشە پەیوەستین بە ڕای گەلەوە، بەڵام کاتێک دیموکراسیەتێک خەڵکێک بە تێگەیشتنی خۆی بۆ ئێمە دیاری بکات و ھەڵبژاردنێک خەڵکێک بۆ ئێمە رەسم و دیزاینی بکات و کورسی دابەش بکەن و سبەی حکوومەت و دامودەزگاکان دابەش بکەن، ئەوە پیلانێکی زۆر مەترسیدارە لەسەر ئاسایشی نیشتیمانیی کوردستان و ڕەنگە ئێستاش ھەموو خەڵکێک ھەست بەو مەترسییە نەکات، بەڵام ڕوون دەبێتەوە پارتی دیموکراتی کوردستان لەبەر چی و بۆچی ئەو ھەنگاوە بوێرانەی ناوە".
ناوبراو گوتیشی: "پارتی دیموکراتی کوردستان ھیچ کاتێک لە دیموکراسیەت ھەڵنایەت و بە پێچەوانەوە کار لەسەر ئەوە دەکات ئەمنیەتی نەتەوەیی بپارێزیت، کە ئەوە گرنگترە لەوەی چ دەسەڵاتێکت دەبێت، بۆیە پارتی دیموکراتی کوردستان بڕیارێکی وای دا ناکرێت ھیچ یاسایەک بەسەر ئێمەدا فەرز بکرێت و پێویستە ئەو یاسایەی حوکمی خۆمانی پێدەکەین، ھەڵقوڵاوی ناوەڕۆکی دید و بۆچوونی خۆمان بێت، بۆیە پارتی دیموکراتی کوردستان ھەمیشە ئامادەیە بۆ ھەڵبژاردن بەپێی یاسا و دەستوور، نەک یاسایەک بەسەر ئێمەدا بسەپێندرێت و خەڵکێک بۆ ئێمەی دیاری بکات".
بڵند ئیبراھیم




