کەمپینێک بۆ زیانلێکەوتووانی لافاوەکەی دھۆک رادەگەیەندرێت

هەولێر-KDP.info- گوتەبێژی دەستەی گشتیی وەبەرھێنان ئاماژەی بۆ ئەوە کرد، دەستەی وەبەرھێنان کەمپینێک بۆ ھاوکاریکردنی زیانلێکەوتووانی لافەوەکەی دوێنێی دھۆک و زاخۆ رادەگەیەنێت و داواش لە وەبەرھێنەران و سەرمایەداران دەکەن، ھاوکار بن بۆ بەھانەوەچوونی ھاووڵاتیانی زیانلێکەوتوو.
بەرگەشت ئاکرەیی، گوتەبێژی دەستەی گشتیی وەبەرھێنان، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی راگەیاند: "لەسەر راسپاردەی د. محەمەد شوکری، سەرۆکی دەستەی گشتیی وەبەرھێنان، کەمپینێک بۆ کۆکردنەوەی ھاوکاری بۆ زیانلێکەوتووانی پارێزگای دھۆک و ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ ڕاگەیەندراوە، کە بە ھۆی لافاوی دوێنێ سێشەممەوە زیانی گەورە بە ژمارەیەکی زۆری ھاووڵاتیانی پارێزگای دھۆک و ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ گەیشت".
گوتەبێژی دەستەی گشتیی وەبەرھێنان گوتیشی: "داوا لە وەبەرھێنەران و سەرمایەدارانی کوردستان دەکەین، ھاوکارییەکانیان بگەیەنن بە کەمپینی دەستەی وەبەرھێنان، بۆ ئەوەی بتوانین ھاوکاریی ھاووڵاتیانی زیانلێکەوتوو بکەین".
ئاکرەیی روونیشی کردەوە: "لە ھەموو کارەساتەکان و لافاوەکانی رابردووش، وەبەرھێنەران و سەرمایەدارانی ھەرێمی کوردستان ھاوکار بوونە و بەردەوام کۆمەکیان پێشکەش بە ھاووڵاتیانی زیانلێکەوتووی کوردستان کردووە".
قائید میرۆ




