٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

بۆ سەرجەم قوتابخانەکانی ھەرێمی کوردستان کارەبا لە وزەی خۆر دابین دەکرێت

سەرچاوە: KDP.info

ھەولێر _KDP.info_ بەپێی پلانێکی وەزارەتی پەروەردەی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان بڕیارە کارەبا بۆ سەرجەم قوتابخانەکانی ھەرێمی کوردستان لە وزەی خۆر دابین بکرێت، بۆ ئەو مەبەستەش پرۆسەکە بە ھاوکاری ڕێکخراوی یونسێف دەست پێکراوە و تا ئێستاش لە چەندین قوتابخانە کارەبا لە وزەی خۆ دابینکراوە.
نەوزاد عەبدوڵا، بەڕێوەبەری ڕاگەیاندنی پەروەردەی ھەولێر، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی: پرۆسەی دابینکردنی کارەبا لە وزەی خۆر بۆ قوتابخانەکان بەردەوام دەبێت تاوەکو سەرجەم قوتابخانەکان کارەبایان لە وزەی خۆر بۆ دابین دەکرێت، بڕیارە لەمەودوا ھەر قوتابخانەیەکی  تازە دروست بکرێت یاخود نوژەن بکرێتەوە کارەبای لە وزەی خۆر بۆ دابین دەکرێت و بڕیارە لە ھەموو ھەرێمی کوردستانیش کارەبا لە وزەی خۆر بۆ قوتابخانەکان دابین بکرێت، بۆیە پرۆسەکە بە هاوکاری ڕێکخراوی یونسێف بەردەوام دەبێت تاوەکو بۆ ھەموو قوتابخانەکان دابین دەکرێت.
نەوزاد عەبدوڵا ڕوونیشی کردەوە: بڕیارە لە ھەرێمی کوردستان و لە عێراقیش کارەبا لە وزەی خۆر بۆ قوتابخانەکان دابین بکرێت و بەردەوام کارەبایان هەبێت، ئەمەش ھەنگاوێکی باشە و چیتر پێویستییان بە کارەبای دیکە نابێت.
لە کابینەی نۆیەمی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان ٦٠ قوتابخانە کارەبایان بە سیستەمی وزەی خۆر بۆ دابینکراوە و ٧٢ قوتابخانەی دیش لە پلاندان کارەبایان لە وزەی خۆر بۆ دابین بکرێت لەسەر بودجەی ڕێکخراوی یونسێف، ئەمساڵ ٣٥ قوتابخانەی دیکەش  کارەبایان لە وزەی خۆر بۆ دابین دەکرێت.

بڵند ئیبراھیم
 

هەواڵی پەیوەندیدار