٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

سبەی بە ئامادەبوونی سەرۆکی حکوومەت بە جوانترین شێوە لە ئاکرێ یادی نەورۆز دەکرێتەوە

سەرچاوە: KDP.info

ئاکرێ _KDP.info_  بەرپرسی لقی نۆی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی: سبەی بە ئامادەبوونی سەرۆکی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان بە جوانترین شێوە یادی نەورۆز دەکرێتەوە، بۆ ئەو مەبەستەش د.دلاوەر ھەرکی قایمقامی ئاکرێ کە ھاوکات سەرۆکی لیژنەی ئامادەکاری نەورۆزی ئاکرێیە دەڵێ: ھەموو ڕێوشوێنێکی ئەمنی و کارگێڕی گیراوەتە بەر  بۆ سبەی ڕۆژی چوارشەممە و ڕۆژانی دواتریش، چونکە ساڵانە میوانێکی زۆر سەردانی دەڤەری ئاکرێ دەکات بۆ جەژنی نەورۆز، ھەموو ساڵێک نەورۆزی ئاکرێ جیاوازە.

دکتۆر مەردان خدر، بەرپرسی لقی نۆی پارتی دیموکراتی کوردستان، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی: ئەمساڵ حکوومەتی ھەرێمی کوردستان بڕیاریدا بە شێوەیەکی فەرمیی بە ئامادەبوونی سەرۆکی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان مەسروور بارزانی یادی نەورۆز لە ئاکرێ بکاتەوە، ئەمە ھەنگاوێکی گرنگە و بەھەرھەمی چەندین ساڵی ھەوڵ و ماندوبوونی گەنجانی ئاکرێیە، دوای ڕاپەرین تا ئەمڕۆ ساڵانە بە شێوەی جیاواز و بە شێوەیەکی زۆر جوان یادی نەورۆز دەکرێتەوە، ئەمەش وای کرد سەرنجی خەڵک و کوردستان بە گشتی ڕابکێشێت و وا بکرێت ئاکرێ ببێتە پایتەختی نەورۆز، ئەمە پاڵپشتییەکی گرنگە بۆ ئاکرێ کە حکوومەت ئەم یادە بە فەرمیی لە ئاکرێ بکاتەوە و دەبێتە فاکتەرێکی گرنگ بۆ ئەوەی لە ساڵانی داھاتوودا یادی نەورۆز لە ئاکرێ بە شێوەیەکی جوانتر و سەردەمیانەتر بکرێتەوە و گەشتیارێکی زیاتر بێنە ناوچەکە و ئەو ناوچەیە زیاتر ببوژێتەوە بە تایبەت لە بواری گەشتیاری.
دکتۆر مەردان خدر گوتیشی: ئامادەکاری تەواو کراوە بۆ یادی نەورۆز، ھەر دوێنێ ئامادەکارییەکان تەواو بوون، لەبەر ئەوەی لیژنەیەکی ھاوبەشی حزبی و حکوومی ھەبوو بڕیاربوو تا دوێنێ ئامادەکاری تەواو بکەن و کارەکانیان تەواو کردووە، بۆیە ئەم نەورۆزە جوانترین نەورۆز دەبێت لە مێژووی ئەم دەڤەرە و وردەکاریەکانیش دەکەینە سوپرایز، سبەی دوای فتار بە ئامادەبوونی سەرۆکی حکوومەت و میوانی جیا جیا جوانترین مارەسیمی یادکردنەوەی نەورۆز لە ئاکرێ ساز دەکرێت. 

د.دلاوەر ھەرکی قایمقامی ئاکرێ کە ھاوکات سەرۆکی لیژنەی ئامادەکاری نەورۆزی ئاکرێیە بە ماڵپەڕی فەرمی پارتی راگەیاند: ھەموو ڕێوشوێنێکی ئەمنی و کارگێڕی گیراوەتەبەر  بۆ سبەی ڕۆژی چوارشەممە و ڕۆژانی دواتریش، چونکە ساڵانە میوانێکی زۆر سەردانی دەڤەری ئاکرێ دەکات بۆ جەژنی نەورۆز و ھەموو ساڵێک نەورۆزی ئاکرێ جیاوازە، جگە لە جەماوەرێکی بەرچاوی ئاکرێ و کوردستان، ژمارەیەکی بەرچاوی میوانی بیانی و نوێنەری وڵاتانی جیھان لە ھەرێمی کوردستان بەشداری نەورۆزی ئەمساڵی ئاکرێ دەکەن.


قائید میرۆ و بڵند ئیبراھیم
 

هەواڵی پەیوەندیدار