٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
شرۆڤه‌ و بۆچوون

كورد، تورك و ئیسرائیل

سەرچاوە: KDP.info

ئوراڵ چاڵشلار

لە كاتێكدا كە توركیا دەستی بە نانی هەنگاوی ئەرێنی و ئیجابی بۆ سەپاندنی ئاشتییەكی هەمیشەیی و یەكسانی و پێكەوەژیان و تەبایی لەگەڵ كورددا كردووە، ئیسرائیلیش لە پەیوەندییەكانی خۆی لەگەڵ توركیادا دەستی بە كردنەوەی لاپەڕەیەكی نوێ كردووە. پەیوەندییە تەلەفوونییەكەی سەرۆكی ئیسرائیل بۆ ئەردۆغان لەو كاتەی كە ئوباما لە ئیسرائیلدا بوو، نیشانەی ستراتیژیەتێكی نوێیە و ئەمەیش بەشێكە لە ستراتیژیەتی نوێ جیهانی لە نێوان توركیا و ئەمریكادا.

من پێشتر چەند بابەتێكم لە سەر هەلالی شێعە نووساندبوو و ئەمرۆیش دەمەوێ ئاماژە بەوە بكەم كە لە رۆژهەڵاتی ناوەراستدا ئەو سێ نەتەوەیە كە لە دەرەوەی هەلالی شێعەدا مانەتەوە، پێكەوە بوونە سێ فاكتەری سەرەكەی پێكهێنانی ستراتیژیەتی نوێ جیهانی لە ناوچەكەدا.

لە كاتە ساتی هەڵبژاردنەكانی رابردووی عێراقدا توركیا لەگەڵ دەسەڵاتە شێعەكەی نوری مالێكیدا دەمقاڵە ببوو. توركیا پەیوەندییەكانی خۆیشی لەگەڵ رژیمی بەشار ئەسەد لە سووریا پچڕاندووە. ئێرانیش كە پشتگیری لە دەسەڵاتە شێعەكانی ئەم وڵاتانە دەكات پەیوەندییەكی ئەوەتۆی لەگەڵ توركیادا نییە و بە پێچەوانەوە بە هۆی سیاسەتەكانی توركیا لە بەرامبەر مالێكی و دەسەڵاتی بەشار ئەسەد ئێران لە توركیا تووڕە بووە و ئەو وڵاتانە هان دەدات كە ببنە خاوەن هەڵوێستی توند لە دژی توركیا. ئەمە بەشێكی گچكەی ئەم تابەلایەیە، بەڵام ئەگەر حزبڵا و شێعەكانی لوبنانیش بخەینە سەر ئەم هەلالە ئەوا تابەلایەكە دەبێتە تابەلایەكی بەرفراوان.

ئەمە یاریزانەكانی هەلالی شێعە لە ستراتیژیەتی نوێ جیهانیدان. لە بەرامبەر ئەم یاریزانانەدا بەڕەیەكی دیكە هەیە و پێویستە بزانین كە لەم بەرەیەدا كێ جێگای خۆی گرتووە.

لەم كاتە ساتەی ئێستادا بە پێ هاوسەنگییە سیاسییەكان و ئاراستەی رووداوەكان بۆمان دەردەكەوێت كە لە رۆژی ئەمرۆی رۆژهەڵاتی ناوەراستدا ئەو سێ نەتەوەیە كە شێعە نین و پەیوەندییان بە هەلالی شێعەوە نییە، كورد، تورك و ئیسرائیلە.

تا دوێنێ توركیا لەگەڵ كورد و لەگەڵ ئیسرائیلدا لە شەڕ و ناكۆكییدا بوو. لە مێژووی توركیادا ئەمە یەكەمینجار بوو كە پەیوەندی توركیا و ئیسرائیل ئەوەندە ئاڵۆز و لاواز بێت. رووداوەكەی كەشتی ماوی مەڕمەڕە ببوو هۆكاری لاواز بوون و پچڕانی پەیوەندییەكانی نێوان توركیا و ئیسرائیل.

بە هێز بوونی تورك و كورد لە ناوچەكەدا و هەروەها گۆڕانی هاوسەنگییە سیاسییەكان لە رۆژهەڵاتی ناوەراستدا نیشانەی ئەوەیە كە دونیا سەر لە نوێیەوە دیزاین دەكرێتەوە. لە دیزاین و نەخشەی نوێ جیهانیدا هاوسەنگییە سیاسییەكانی رۆژهەڵاتی ناوەراست لە دەور سێ نەتەوەی سەرەكەی كورد، تورك و ئیسرائیلدا ساز دەكرن و ئەم سێ نەتەوەیش وەكو بەرەیەكی نوێ هاوپەیمانی لە داهاتوودا كاریگەرییەكی یەكجار زۆر لە سەر هاوسەنگییە سیاسییەكانی رۆژهەڵاتی ناوەراست و جیهان دەكەن.

لە دیزاینی نوێ جیهاندا چەند خاڵی سەرەكە دەكەوێنە بەرچاومان بۆ نموونە.

كورد وەكو فاكتەرێكی نوێ سیاسی و ئابووری دەردەكەوێتە مەیدان و ئێتر كۆتایی بە سیاسەتی نكۆڵی كردنی كوردیش هاتووە و كورد دەتوانێت وەكو فاكتەرێكی سەركە لە نەخشەی نوێ جیهاندا رۆلێكی كاریگەر بگێڕێت.

توركیا هاوكات لەگەڵ ئاشتبوونەوەی لەگەڵ كوردەكانی نێوخۆی توركیادا، پەیوەندییەكانی خۆی لەگەڵ كوردانی پارچەكانی دیكەی كوردستانیش بەرفراوانتر دەكات و توركیا ئێتر بە چاوی مەترسییەك بۆ دابەش كردنی توركیا سەیری كورد ناكات بەڵكو وەك هاوپەیمان سەیری كورد دەكات و پەیوەندییەكانیشی لەم چوارچێوەیەدا بەرفراوان دەكات.

ئیسرائیلیش واز لە سیاسەتی خۆی لە دژی توركیا دەهێنێت و ئەو توركیایە كە ئیسرائیل وای دەزانی نكۆلی لە سەر هەبوون و هێزی ئیسرائیل دەكات دەبێتە هاوپەیمانێكی نوێ ئیسرائیل و ئەمجۆرە پەیوەندییەكانی نێوان هەر دوو لا سەر لە نوێیەوە بەرفراوان و بەهێزتر دەكرن. ئیسرائیل ناچارە بە مەبەستی رزگار كردنی خۆی لە هەلالی شێعە كە لە ناوبردنی ئیسرائیل یەكێكە لە ئارمانجە سەرەكییەكانی، هاوپەیمانیەتی خۆی لەگەڵ كورد و توركدا بەهێزتر و بەرفراوانتر بكات.

بەمجۆرە هاوپەیمانی نێون كورد، تورك و ئیسرائیل سەرەڕای ئەوەی كە دەبێتە هێزێكی هاوبەشی هەرێمی لە بەرامبەر هەلالی شێعە هاوكات دەبێتە ئاڵتەرناتیفێكی زۆر گرنگ و سەردەمییانە بۆ كۆمكاری عەرەبی و هەر بۆیە وڵاتانی رۆژئاوایی گرنگییەكی یەكجار زۆر بەم هاوپەیمانییە دەدەن.

سەرچاوە: رادیكاڵ

هەواڵی پەیوەندیدار