شاندێکی کۆمسیۆنی ھەڵبژاردنەکانی عێراق سەردانی ھەرێمی کوردستانیان کرد

ھەولێر-KDP.info- گوتەبێژی کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی ھەڵبژاردنەکانی عێراق گوتی، شاندێکی کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی ھەڵبژاردنەکانی عێراق سەردانی ھەرێمی کوردستانی کردووە بۆ ئەوەی لەنزیکەوە ئاگاداری بەڕێوەچوونی کارەکان و ئامادەکاریەکان بێت بۆ ئەنجامدانی ھەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان لە وادەی خۆیدا.
جومانە غەلای، گوتەبێژی کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی ھەڵبژاردنەکانی عێراق، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی: "شاندێکی کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی ھەڵبژاردنەکانی عێراق بەسەرۆکایەتی دادوەر عەباس فەتلاوی سەرۆکی ئیدارەی ھەڵبژاردن، سەردانی ھەرێمی کوردستانی کردووە بەمەبەستی لەنزیکەوە ئاگاداربوون و چاودێریکردنی بەڕێوەچوونی ئامادەکاریەکان بۆ ھەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان لە ھەموو نووسینگەکانی کۆمسیۆن و بزانێت ئامادەکاریەکان چۆن بەڕێوەدەچن".
جومانە غەلای گوتیشی: "سەردانەکە بۆ ئەوەیە چاودێری بنکەکانی تۆمارکردن و کۆگاکان بکات و ئامادەییان بکات بۆ ئەوەی بتوانن لەوادەی خۆیدا کارەکانیان ئەنجام بدەن و ئامادەکاری بکەن بۆ ئەنجامدانی ھەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان، چونکە ئەرکی کۆمسیۆنە تەواوی ئامادەکاری بکات بۆ ئەوەی ھەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان لە وادەی خۆیدا کە ١٠-٦ی ئەمساڵ بەڕێوەبچێت و ھیچ کێشە و گرفتی نەبێت و تاوەکو ئێستاش کارەکان زۆر باش بەڕێوەدەچن".
بڵند ئیبراھیم




