شارەزایەکی دەستوور: پێویستە سەرۆککۆمار چیتر بێدەنگ نەبێت و دەسەڵاتی خۆی بەکاربێنێت

بەغدا-KDP.info- شارەزایەکی دەستووری عێراق دەڵێت، سەرۆککۆماری عێراق نوێنەری خەڵکی کوردستانەو لەسەر حیسابی ھەرێمی کوردستان ئەو پۆستەی وەرگرتووە و خۆشی پارێزەری دەستووری عێراقە و دادگای فیدڕاڵیش ھەموو بڕیارەکانی دژی ھەرێمی کوردستان و دەستوور پێشێل دەکات، بۆیە ناکرێت بێ دەنگ بێت لەئاستی ئەو ھەموو پێشێلکاریانەی دەستووری عێراق و پێویستە بێتە سەرخەت.
موحسن سەعدوون، شارەزای یاسا و دەستووری عێراق، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی: "سەرۆککۆماری عێراق دەسەڵاتەکانی لە چوارچێوەی دەسەڵاتەکانی جێبەجێکردن دان وەکو سەرۆکوەزیران و ئەو یەکێکە لە دەسەڵاتەکانی جێبەجێکردن و لەدەستوور ھاتووە پێویستە سەرۆککۆمار پارێزگاری لەدەستوور بکات و دەسەڵاتی ھەیە پارێزگاری لێ بکات، ھەروەھا پێویستە لەبەرامبەر بڕیارەکانی دادگای فیدڕاڵی بوەستێت و رێگە نەدات دەستوور پێشێل بکات، بۆیە پێویستە بێدەنگ نەبێت و دادگا بڕیار دژی سیستەمی فیدڕاڵی و ھەرێمی کوردستان دەربکات، ھاوکات پێویستە بێتە سەرخەت و ڕێگە نەدات زیادەڕۆیی لەسەر دەستوور بکات، چونکە بڕگەیەک لە دەستوور ھەیە بەڕوونی باس لەوە دەکات ئەو پارێزەری دەستوورە و دەتوانێت ھەڵوێستی ھەبێت و کاریگەری دەبێت، چونکە دادگا ھەموو دەسەڵاتەکان بۆ خۆی بەکار دەھێنێت".
موحسن سەعدوون گوتیشی: "کاتی ئەوە ھاتووە سەرۆککۆمار ھەڵوێستی خۆی ڕابگەیەنێت کە لەسەر حیسابی کورد ئەو پۆستەی وەرگرتووە بەرگری لە ھەرێمی کوردستان بکات و ڕێگە نەدات دادگای فیدڕاڵی چیتر دەستوور پێشێل بکات و بڕیاری بەردەوام دژی ھەرێمی کوردستان دەربکات، چونکە ئەوە ئەرکی ئەوە وەک چۆن دادگا بڕیار دەدات ئەویش دەتوانێت رێگری لەو بڕیارانە بدات کە دژی دەستووری عێراقن".
سەعدوون باسی لەوەشکرد: "ھەمووان دەزانن بڕیارەکانی دادگای فیدڕاڵی دەستووری نین و سەرۆککۆماریش دەسەڵاتی ھەیە و یەکێک لە ئەرکەکانیشی پارێزگاری لە دەستوور بکات، بۆیە ئەو نوێنەری کوردە ناکرێت وا بێدەنگ بێت و ئەگەر ھەر بەوشێوەیە بێت نەبوونی باشترە، ھاوکات لەو ھەموو بڕیارەی دادگا تا ئێستا یەک ھەڵوێستی نەبووە، چونکە ئەوەی دەکرێت زیان بە ھەرێمی کوردستان دەگەیەنن ئەویش تەنھا تەماشا دەکات، بۆیە لەمە زیاتر ناکرێت بێدەنگ بێت و پێویستە بێتە دەنگ و ھەڵوێستێکی ڕوون و ئاشکرای ھەبێت".
بڵند ئیبراھیم




