ئەمەریکا دەیەوێت کاری وەبەرھێنان لە ھەرێمی کوردستان ئەنجام بدات

ھەولێر-KDP.info- گوتەبێژی دەستەی وەبەرھێنانی ھەرێمی کوردستان ڕایگەیاند، شاندێکی ئەمەریکا سەردانی ھەرێمی کوردستانی کردووە و دەیەوێت کۆمپانیا ئەمەریکیەکان بێن لە ھەرێمی کوردستان کاری وەبەرھێنان بکەن و حکوومەتی ھەرێمی کوردستان و دەستەی وەبەرھێنانیش تەواوی ئاسانکاریان بۆ دەکات.
بەرگەشت ئاکرەیی، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی: "شاندێکی ژووری بازرگانی ئەمەریکی-عێراقی سەردانی ھەرێمی کوردستانیان کرد و دەیانەوێت وەبەرھێنەری ئەمەریکی ھانبدەن بێنە ھەرێمی کوردستان کاری وەبەرھێنان ئەنجامبدەن و ئەم سەردانەش لەو چوارچێوەیە بوو، ھەروەھا ئامادەیی خۆشیان بۆ ھەموو ھاوکاریەک دەربڕی بۆ ئەوەی رێژەیەکی باشی وەبەرھێنەری ئەمەریکا بێنە ھەرێمی کوردستان و ئێستاش چەند پڕۆژەیەکی ئەمەریکا لە ھەرێم ئەنجام دەدرێت و چەند پڕۆژەی ھاوبەشیشمان ھەن، ھاوکات سەرۆکی دەستەی وبەرھێنانیش ئامادەیی ھەرێمی کوردستان دەربڕی بۆ ھەر ھاوکاری و ئاسانکاریەک بۆ ئەوەی سوود لەئەزموونی ئەمەریکا وەرگرین، بەتایبەت لە بواری بانکی و گەشتوگوزار و کشتووکاڵ و بوارەکانی دیکەی ھەرێمی کوردستان کە پێویستی پێی ھەیە".
بەرگەشت ئاکرەیی باسی لەوەشکرد: "ئەرکی سەرەکی ئەوان ئەوەیە ھانی وەبەرھێنەری ئەمەریکا بدەن بێن لە ھەرێمی کوردستان کاری وەبەرھێنان بکەن، بۆ ئەو مەبەستەش ئامادەییان دەربڕی و زۆریشیان پێ خۆش بوو لە ھەرێمی کوردستان کار بکەن، چونکە دۆخی ھەرێمی کوردستان زۆر لەبارە بۆ ئەنجامدانی پڕۆژەی وەبەرھێنان".
بڵند ئیبراھیم




