٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

شرۆڤەکارێک: پێویستە سەرۆککۆمار دەسەڵاتەکانی بەکاربێنێ

سەرچاوە: KDP.info

شرۆڤەکارێکی سیاسی پێی وایە، پێویستە سەرۆککۆمار دەسەڵاتەکانی بەکاربێنێ لە بەرامبەر ئەو پێشێلکارییانەی دەستوور و دەرکردنی بڕیارەکانی دژی ھەرێمی کوردستان و دەڵێ: کورد دەیەوێ تەنیا بەگوێرەی دەستوور مافەکانی دابین بکرێت نەک زیاتر، کەچی عێراق پابەند نییە بە دەستوورەوە.

ئیبراھیم مەندەلاوی، شرۆڤەکاری سیاسی بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: دەستووری عێراق ھەندێ دەسەڵاتی بە سەرۆککۆمار داوە، بەگوێرەی بەندەکانی دەستوور سەرۆککۆمار سەرۆکی وڵاتە و تایبەتمەندی خۆی ھەیە بە چەندین دەسەڵاتەوە، لەوانەش پارێزەری دەستوورە، ھەروەھا نیشانەی یەک پارچەیی نیشتمانە و کار دەکات بۆ گەرنتیکردنی پابەندبوون بە دەستووری ھەمیشەیی عێراق، ئەو دەستوورەی ئێستا بڕگە و ماددەکانی پێشێل دەکرێن و بێدەنگیشی لێ دەکرێت، یەکێک لە ئەرکەکانی سەرۆککۆمار ئەوەیە دەسەڵاتەکانی یاسادانان و ڕاپەڕاندن و دادوەری پابەندی جێبەجێکردنی دەستوور بکات.

ئەو شرۆڤەکارە دەشڵێت: لەماوەی ڕابردوو ھەرێمی کوردستان ڕووبەڕووی چەندین بڕیاری نایاسایی و نادەستووری بوویەوە لەلایەن دەسەڵاتدارانی عێراق، ئەرکی سەرۆککۆمارە ڕۆڵی ھەبێت لە بەکارھێنانی دەسەڵاتەکانی بۆ پاراستنی دەستوور، پێویستە ئەو دەسەڵاتەی دەستوور پێی بەخشیوە بەکاری بێنێ بۆ بەرگری کردن لە ھەرێمی کوردستان.

ئیبراھیم مەندەلاوی ڕوونیکردەوە: مەبەست لە وەرگرتنی پۆستی سەرۆککۆمار لەلایەن کوردەوە ھەر بۆ ئەوەبووە لە کاتی پێویست بەرگری لە دەستووری عێراق بکات، ئەو دەستوورەی کورد دەیەوێ وەک خۆی جێبەجێ بکرێت، کەچی عێراق پێوەی پابەند نییە، ئەوەی ئێستا بەرامبەر بە ھەرێمی کوردستان دەکرێت ھەمووی لە پێشێلکردنی دەستوورەوە سەرچاوەی گرتووە.

قائید میرۆ

هەواڵی پەیوەندیدار