لەمەودوا بەخۆڕایی چارەسەری کەسوکاری پێشمەرگە، شەھیدان، ئەنفالکراوان و زیندانیانی سیاسی دەکرێت

بەردەڕەش _KDP.info_ سەرۆکی لقی بەردەڕەشی دەزگای نێودەوڵەتی پێشمەرگە بۆ کاری مرۆیی گوتی: لە مانگی ڕەمەزان بینینی نەخۆشانی پێشمەرگە، کەسوکاری شەھیدان، ئەنفال و زیندانیانی سیاسی بەخۆڕایی دەبێت و ڕێژەی ٥٠%ی چارەسەری و دەرمانیش داشکاندنیان بۆ دەکرێت.
سەرۆکی لقی بەردەڕەشی دەزگای نێودەوڵەتی پێشمەرگە بۆ کاری مرۆیی، ڕەمەزان ئەحمەد لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا گوتی: لە مانگی ڕەمەزانی پیرۆزدا لە کۆمەڵگای جودی تایبەت بە دکتۆر و چارەسەری نەخۆشان و بینینی نەخۆشانی کەسوکاری شەھیدان، ئەنفال، زیندانیان سیاسی و پێشمەرگە بەخۆڕایی دەبێت و چارەسەریشیان ٥٠%داشکاندنیان بۆ دەکرێت، بۆیە لەمەودوا ئەوانەی ئاماژەمان پێکردن دەتوانن بێن سوود لەو گرێبەستەی ئێمە لەگەڵ کۆمەڵگای پزیشکی جودی لە بەردەڕەش وەربگرن.
سەرۆکی لقی بەردەڕەشی دەزگای نێودەوڵەتی پێشمەرگە بۆ کاری مرۆیی گوتی: دەمانەوێت لەو ڕێگەیەوە خزمەتی پێشمەرگە، زیندانیانی سیاسی، کەسوکاری شەھیدان و ئەنفالکراوان بکەین و سود لەو گرێبەستەی ئێمە وەربگرن، چونکە بە ئەرکی خۆمان دەزانین ھەمیشە لەخزمەت پێشمەرگە و کەسوکاری شەھیدان و ئەنفال و زیندانیانی سیاسی دابین.
لای خۆشیەوە دکتۆر خدر ساڵح خدر بەڕێوەبەری تەندروستی بەردەڕەش گوتی: پزیشکانی کۆمەڵگای جودیش ئامادەییان دەربڕیوە بۆ ئەوەی پابەندی ئەو بڕیارە بن کە خانەوادەی شەھیدان، ئەنفالکراوان، پێشمەرگە و کەسو کاری پێشمەرگە نەخۆشەکانیان بە خۆڕایی ببیندرێت و لەچارەسەریش ٥٠%داشکاندنیان بۆ بکرێت.
بڵند ئیبراھیم




