٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

کۆمسیۆن: ئامادەکاری بۆ ھەڵبژاردن بەردەوامە و دواین ڕۆژ بۆ پێشکەشکردنی ناوی کاندیدان ٢٢ی ئەم مانگەیە

سەرچاوە: KDP.info

ھەولێر _KDP.info_ جێگری بەرپرسی ئۆفێسی کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی ھەڵبژاردنەکانی عێراق لە ھەولێر گوتی: ئامادەکاریی بۆ ھەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان بەردەوامە و ئێستا لەقۆناغی پێشکەشکردنی ناوی کاندیدەکانداین و دواین وادەش ٢٢ی ئەم مانگەیە، بۆیە ئامادەکارییەکان بەپێی خشتەی دیاریکراو بەڕێوەدەچن.

بۆتان شێرکۆ، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی: ئامادەکاری بۆ ھەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان بەردەوامە و پرۆسەکەش زۆر باش و بەپێی خشتەی دیاریکراو بەڕێوە دەچێت، ئێستاش لیستەکان و ناوی کاندیدەکان پێشکەش دەکەن، بەشێکی ناوەکان پێشکەش کراوە و پرۆسەکەش تا ٢٢ی ئەم مانگە بەردەوام دەبێت کە دەکاتە سەرەتای ھەفتەی داھاتوو.
بۆتان شێرکۆ گوتیشی: لە سنووری پارێزگای ھەولێر ١٣٥ھەزار کەس گرفتی نەخوێندنەوەی پەنجەمۆری ھەبوو و بەپێی یاسا ٥%ی دەنگدەران ئەوانەی کێشەی پەنجەمۆریان ھەیە دەتوانن دەنگ بدەن لەوە زیاتر ئامێرەکان ناخوێننەوە، بۆیە تا ئێستا چارەسەرییەکی دیاریکراو بۆ ئەو کەسانە نەکراوە.
دەشڵێت: ئەو گرفتە گەیەندراوەتە ئەنجوومەنی کۆمسیاران و چاوەڕێین بزانین چ بڕیارێک دەدەن.

بڵند ئیبراھیم 

هەواڵی پەیوەندیدار